دیوانی پەرلەمانی کوردستان: نەوەی نوێ ناتوانێت پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە

15-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، ئەگەر لە دوو هەفتەی داهاتوودا پەرلەمانی کوردستان کۆنەبێتەوە، هەڵیدەوەشێننەوە. جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: "بەگوێرەی یاسا، نەوەی نوێ ناتوانێت ئەو کارە بکات".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان لە دوو هەفتەی داهاتوودا کۆنەبێتەوە، ئێمە هەڵیدەوەشێنینەوە".
 
لە کۆی 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان، نەوەی نوێ 15 کورسی هەیە. شاسوار عەبدولواحید دەڵێت: "هەرێمی کوردستان ناتوانێت لەژێر ئەم دۆخە پەکخراوەدا بەردەوام بێت. لە تشرینی دووەمی 2022ـەوە نە پەرلەمانێکی کارامان هەبووە و نە حکومەتێکی متمانەپێکراو. چاوەڕوانی هەنگاوی یەکلاییکەرەوە بن لە نەوەی نوێ لە دوو هەفتەی داهاتوودا".
 
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا نە نەوەی نوێ و نە هیچ لایەنێک ناتوانێت پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، چونکە سوێندخواردن کراوە و ئێستا بە فەرمی پەرلەمان هەیە، تەنیا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردراوە".
 
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: "لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی کۆبوونەوەی دیاریکرد. ئەگەر کۆبوونەوەکە نەکرایە لەو رۆژەی دیاریکرا، دوای 45 رۆژ پەرلەمان هەڵدەوەشایەوە، بەڵام کۆبوونەوە کرا و دەرچووان سوێندی یاساییان خوارد و بوونە پەرلەمانتار".
 
رۆژی 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەبوون، ئەوانیش ڤالا فەرید و هەڵگورد شێخ نەجیب بوون. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دوو کەسی بۆ پۆستەکە بەربژێر کرد بوو، کە میران محەممەد و شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ بوون. نەوەی نوێش بەربژێرێکی بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەبوو کە کوردەوان جەمال بوو.
 
بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش هەریەک لە بەهجەت عەلی و مەرد عەلی رەسووڵ لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد حەمەساڵح و ئازاد حەمەئەمین لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها عەدنان حوسێن لە نەوەی نوێ خۆیان بەربژێر کرد.
 
بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمانیش شیرین یونس و شلێر غەفوور لە یەکێتی، هاڤین سەعید لە پارتی، سەوسەن کاکەمەند لە نەوەی نوێ، نەجدەت نووری لە پێکهاتەی تورکمان لە سلێمانی و رامی نووری لە پێکهاتەی کریستیان لە هەولێر بەربژێر بوون.
 
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، جارێکی دیکە دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ناکرێتەوە و دەبێت ئەوانەی خۆیان بەربژێر کردووە، یەکێک لەوانە هەڵبژێردرێن بۆ پۆستەکانی سەرۆک، سکرتێر و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوون. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک گەنج لە قامشلۆ ئاڵای کوردستان بەرزدەکەنەوە. وێنە: AFP

کاتی بەستنی کۆنفرانسی کوردانی رۆژئاوای کوردستان دیاری دەکرێت

گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا رایگەیاند، سبەی لە پرێس کۆنفرانسێکدا کاتی بەستنی کۆنفرانسی نەتەوەیی کوردانی رۆژئاوای کوردستان دیاری دەکرێت.