بریکاری وەزارەتی داد: لێدانی ئەو پارێزەرە دەستدرێژییە بۆ شکۆی داد و دادوەری

15-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر پارێزەرەکەی هەولێر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دەستدرێژییە بۆ شکۆ و کۆی تەواوی خێزانی داد و دادوەری."
 
پارێزەر محەممەد سۆفی، شەوی هەینی 14-04-2023 لە سنووری هەولێر بۆ ماوەی سێ کاژێر لەلایەن چوار کەسەوە لێیدراوە؛ ئەو ماوەی دوو ساڵ پارێزەری ژنێکە و بڕیار بووە رۆژی یەکشەممە دادگایی جیابوونەوەی ژنەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام شەوی رابردوو لەلایەن هاوژینەکەیەوە هێرش کراوەتە سەر پارێزەرەکە.
 
محەممەد سۆفی، پارێزەر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "بە فێڵ منیان بردە ژێرزەمینی ماڵێک، یەک کەس منی برد، کەچی لە خوارەوە سێ کەس خۆیان حەشار دابوو. لێیان دام، بە هەر چواریان سەریان تاشیم، ڤیدیۆیان گرتم، ئەوەی داعش نایکات، ئەوان کردیان. لێیان پاڕامەوە و گوتم: بمکوژن لەو عەزابەی رزگارم بکەن. لە کۆتاییشدا گوتیان، گەر سکاڵا بکەیت، خێزان و کچەکەت دەهێنین و لەپێش چاوت ئەوها و ئەوهای  لێدەکەین. ئەو کەسە ناوی (ع. م)ە و هاوژینی موەکیلی منە و دوو ساڵە هەڕەشەم لێدەکات."
 
شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "دڵگرانم لەو رووداوە نەخوازراوانەی روودەدەن لە هەرێمی کوردستان، لە کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ و پەنابردنە بەر تۆڵەسەندنەوە و ترساندن و تۆقاندن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە دەرەوەی دادگەکان، بەتایبەتی ئەو دەستدرێژییە ناڕەوایەی کرایە سەر پارێزەرێک لە پایتەختی هەرێمی کوردستان."
 
بریکاری وەزارەتی داد دەڵێت، "ئەم دەستدرێژییە، دەستدرێژییە بۆسەر شکۆ و کۆی تەواوی خێزانی داد و دادوەری، پێویستە هەموو هەڵوێستەی لەسەر بکەین و دەستدرێژیکاران بە سزای تووند بگەیێندرێن. توانا و پاڵپشتیی خۆم بۆ سەندیکای پارێزەران و یەکە بە یەکەی پارێزەرانی خۆشەویست دووپات دەکەمەوە، کە ئەوان بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی خێزانی داد و دادوەرین."
 
ئاسایشی هەولێر تاوەکو ئێستا توانیویەتی سێ کەس لەو تۆمەتبارانە دەستگیر بکات کە بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر ئەو پارێزەرەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.