رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایشی هەولێرەوە دەستی کەوتووە، هێزەکانی ئاسایش بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر پارێزەرەکەی هەولێر چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە و هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دیکەی رووداوەکە بەردەوامە.
هاوکات دوای رووداوەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، هیچ کەس لە سەرووی یاساوە نییە و هێرشکارەکان یان دەبێ خۆیان رادەستی یاسا بکەن یان لە هەرشوێنێک بن دەستگیر دەکرێن. سەندیکای پارێزەرانی کوردستانیش بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کارە دەکات.
پارێزگاری هەولێر گوتی، ''ئەو دوو حاڵەتەی [سەرتاشین] لە هەولێر هەبوون، نە گوزارشتە لە شارێکی گەورەی وەک هەولێر و نە گوزارشتە لە حکومەتێک کە پڕە لە جێبەجێکردنی یاسا و پارێزگاریکردن لە ئەمنییەتی هاووڵاتییان.''
ماوەیەک لەمەوپێشیش دیمەنێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا کەسێک سەری کەسێکی دیکە بە ناوی (دانی سوێدی) بە زۆر دەتاشێت کە گۆرانیبێژێکی میلـلییە، بڵاوبوونەوەی دیمەنەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و دواتر تۆمەتباران لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکران.
ئومێد خۆشناو گوتی، "بێگومان بکەرانی کردەوە ناشیرینەکەی هێرشکردنەسەر محەممەد یابە سۆفیش لە زووترین کاتدا دەکەونە بەردەمی یاسا و دەستگیر دەکرێن. ئەو جۆرە کارانە لەلایەن حکومەت و دەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشەوە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین.''
سەندیکای پارێزەرانی کوردستانیش لەبارەی هێرشکردنەسەر پارێزەرەکە ئەمڕۆ شەممە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە تووندى سەرکۆنەى هێرشکردنەکە دەکات.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ''رۆژى هەینى لە لایەن تاقمە کەسێکەوە و بە بیانووى نایاسایی هێرش کرایە سەر پارێزەرى راوێژکارى محەممەد یابە سۆفی و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکى جەستەیی و رۆحی و شکاندنى سەر و رووخسارى، وەک سووکایەتى سەریشى دەتاشرێت.''
سەندیکاکە دەڵێت، پارێزەر محەممەد یابە سۆفی تاوەکو ئێستا ''تەنیا لە پێناو پاراستنى مافە یاسایی و ئینسانییەکانى بریکاردار کارى پیشەیی خۆى ئەنجام داوە و داکۆکى لە مافى بریکاردار کردووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و بە پێى مادەى 22ـی یاساى پارێزەرایەتى، 'هێرشکردنە سەر پارێزەر وەک هێرشکردنە سەر دادوەر'ـە و وەک پێشێلکردن و دەستدرێژیکردنە سەر دامودەزگا یاساییەکانى هەرێمى کوردستان هەژمار دەکرێت.''
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا دەشڵێت، ''گشت رێکارە یاساییەکان دەگرینە بەر.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ