ئەو مامۆستایە دەرکرا کە لە قوتابخانەیەکی سنە 13 قوتابی ئەشکەنجە دابوو

15-04-2025
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەو مامۆستایەی لە گوندێکی سنە قوتابییەکانی ئەشکەنجەدابوو، لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە شێوەی کاتی لە کار دەرکران.
 
هاشم نازمی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەو مامۆستایەی لە قوتابخانەی گوندی کەرجۆ لە ژمارەیەک قوتابی دابوو، لە کار دەرکراوە تاوەکو لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە کارگێڕییەکان بڕیاری لەبارەوە دەدات.
 
رەسووڵ سەحرایی، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە کارگێڕییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سنە رایگەیاند، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بۆ سێ مانگ لە کار لادراوە تاوەکو دەستەکە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدات.
 
بە گوتەی یەکێک لەو قوتابییانەی لێی دراوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە هەڕەشەی لێ کردوون و گوتوویەتی، نابێ لە ماڵەوە باسی ئەوە بکەن لێیان دراوە و ئازار دراون. 
 
ئەو قوتابییە دەڵێت، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێی گوتوون، ئەگەر باسی بکەن لە دادگە دۆسیەیان بۆ دەکرێتەوە و دوای ئەوەی بوونە 18 ساڵ لەسێدارە دەدرێن.
 
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە رەتیکردووەتەوە قسەی لەو جۆرەی کردبێ و بە لیژنەی پەروەردەی سنەی گوتووە، ئاگادار نەبووە لەو قوتابییانە دراوە. 
 
شەممەی ئەم هەفتەیە، مامۆستایەکی پۆلی پێنجی بنەڕەتی قوتابخانەی گوندی کەرجۆی سنە بە هۆی ونبوونی وایەری بارگاویکردنی مۆبایلەکەی لەنێو پۆلەکەدا بە دار و کێبڵ لە هەر 13 قوتابی پۆلەکەی دابوو .
 
دوای گەڕانەوەی قوتابییەکان بۆ ماڵەوە، کەسوکاریان وێنە و ڤیدیۆی منداڵەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکاندا بڵاوکردەوە و ئەوەش دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
 
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە کارگێڕییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەو مامۆستایە نێردراوەتە لیژنەی پزیشکی بۆ ئەوەی بزانن لە رووی دەروونییەوە کێشەی هەیە یان نا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە