رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک هێلیکۆپتەرێک کەوتەخوارەوە. سەرچاوەیەکی سەربازی لە نزیک شوێنی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە. تورکیاش دەڵێ "هێلیکۆپتەری ئێمە نییە".
کاژێر 09:00ـی ئەمشەو چوارشەممە، 15-03-2023، هێلیکۆپتەرێک لە نزیک گوندی بێرکیاتی لە سنووری چەمانکێ لە قەزای ئامێدی کەوتەخوارەوە و چەند هاونیشتمانییەک ڤیدیۆیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە کە تێیدا دەردەکەوێت ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و ئەو هاونیشمانییانە باس لە ژمارەیەک گیانلەدەستدان دەکەن.
هاوکات فەرماندەیەکی سەربازی لە نزیک شوێنی رووداوەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا تەرمی حەوت کەس دۆزراونەتەوە کە بەهۆی ئاگرەوە جەستەیان سووتاوە.
نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لە نزیک شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، رووداوەکە لە بناری چیای بێخێرێ بووە کە ئەو ناوچەیە بەردەوام شەڕی تێدا دەکرێت، بەڵام وەزارەتی بەرگریی تورکیا رەتیکردەوە هیچ هێلیکۆپتەرێکی سوپای ئاسمانیی وڵاتەکەی لە خاکی هەرێمی کوردستان کەوتبێتە خوارەوە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، دوای کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە، دەنگی "تەقینەوە" بیستراوە کە گوماندەکرێت ئەو تەقەمەنییانە بن کە هێلکۆپتەرەکە هەڵیگرتووە. دەشڵێت، ئەو ناوچەیە ناوچەیەکی سەربازییە و بەردەوام شەڕی تێدا دەکرێت.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، گوندی بێرکیاتی لە ساڵی 1990ـەوە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی تورکیا و پەکەکەوە چۆڵکراوە.
لەبارەی ناسنامەی ئەوانەی کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، ئەو سەرچاوە سەربازییە گوتی، زۆربەی جەستەیان سووتاوە و تاوەکو ئێستا ناناسرێنەوە.
ئەو رووداوە بە دووریی 50 مەتر لە کۆمپانیایەکی نەوت روویداوە. هەڤاڵ محەممەد، شاهێدحاڵی رووداوەکە و یەکێک لە کارمەندانی کۆمپانیاکە بە رووداوی گوت، دوو هێلیکۆپتەر لەو ناوچەیە دەسووڕانەوە، یەکێک لەوان تێکشکا و دووجار سووڕایەوە، دواتر کەوتەخوارەوە و ئاگری گرت.
تاوەکو ئێستا نازانرێت هێلیکۆپتەرەکە کراوەتە ئامانج یان بەهۆی خراپیی کەشوهەوا یاخود کێشەیەکی تەکنیکییەوە کەوتووەتەخوارەوە.
دوای ئەو رووداوە، چەند هێلیکۆپتەرێکی دیکە چوونە نزیک شوێنەکە. ئەو فەرماندە سەربازییە باسی لەوە کرد، بە دروستی نازانن ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداران چەندە، چونکە کەشوهەوا ناجێگیرە و نەیانتوانیوە لە شوێنی رووداوەکە نزیک ببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ