ئاوی كۆیە: دابەشكردنی ئاو لە بەشێکی سەنتەری قەزاکە راگیرا

15-02-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوبەرایەتیی ئاوی کۆیە رایگەیاند، دابەشكردنی ئاو لە بەشێکی سەنتەری قەزای كۆیە راگیرا. بەڕێوەبەری ئاوی کۆیەش دەڵێت، کاژێر 10:20 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ لێکترازان لە بۆڕی هێڵی سەرەکی گواستنەوەی ئاوی پڕۆژەی بۆگد - كۆیە دروستبووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 15-02-2024، بەرێوبەرایەتیی ئاوی كۆیە رایگەیاند، "بەهۆی ئەو بارانبارینەی كە لە دوێنێ شەوەوە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، بۆڕیی سەرەكی گواستنەوەی ئاو قەبارە 24 ئینج لە پرۆژەی ئاوی بۆگد - كۆیە بۆ سەنتەری قەزای كۆیە لە نزیک گوندی كێلە زیندان بەهۆی رۆچوونی زەوی لێكترازاوە."
 
بەرێوبەرایەتیی ئاوی كۆیە دەڵێت، بە ناچاری پرۆژەی ئاوی بۆگد - كۆیە وەستێنرا، بۆیە دابەشكردنی ئاو لە بەشێکی سەنتەری قەزای كۆیە راگیرا و ئێستا سەرجەم تیمەكانی چاكسازیی بەڕێوبەرایەتیی ئاوی كۆیە ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی هەرچی زووە لێكترازانی بۆرییەكان چاكبكرێتەوە و ئاو بگەیێنرێتەوە شاری كۆیە.
 
هۆگر کەیفی، بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کاژێر 10:20 خولەکی بەیانی ئەمڕۆوە ئەو لێکترازانە بووە و راستەوخۆ تیمەکانمان سەردانی پڕۆژەکەیان کرد، بەڵام دەبێت چاوەڕوان بین ئەو ئاوەی لە بۆرییەکەدا هەیە بەتاڵ ببێت بۆ ئەوەی دواتر چارەسەر بکرێت، ئەوەش هەندێک کاتی دەوێت بەتایبەتی کە ئێستا بارانیشە، ئەگەرنا بۆڕییەکە بەتاڵ ببێت تەنیا دوو کاژێڕ کارکردنی دەوێت."
 
قەزای کۆیە دوو سەرچاوی دابینکردنی ئاوی هەیە ئەوانیش پڕۆژەی ئاوی تەقتەق - کۆیە کە سەرچاوەی ئاوەکەی زێی بچووکە و لە بەنداوی دووکانەوە دەگاتە پڕۆژەکە، جگە لەو پڕۆژەیە، پڕۆژەی ئاوی کۆیە - بۆگد هەیە، ئەویش بەشێکی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکات.
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە دەڵێت، تەنیا پڕۆژەی کۆیە - بۆگد لە یەک کاژێر 1200 مەتر سێجا ئاو دەگوازێتەوە سەنتەری کۆیە.
 
قەزای کۆیە 21 هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە، بەڵام ئەوە تەنیا ئەوانەن کە فەرمین و پێوەریان بەستووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ناوچەیەکی سنووری لە شرنەخ.

قەدەخەی هاتووچۆ لە 11 ناوچەی شرنەخ راگەیێندرا

چوونی خەڵک بۆ چەندین ناوچەی سنووری لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بۆ 15 رۆژ قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکە بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە.