رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستیان بە مامەڵەکانی تایبەت بە حەج کردووە و دەبێت ئەو کەسانەی ناویان گەڕاوەتەوە سەردانی نووسینگەکان بکەن و پاسپۆرتی خۆیان پێ بێت بۆ ئەوەی کارەکانیان بۆ رایی بکرێت؛ گوتیشی، "لەم مانگەدا کاتی وەرگرتنی پارەکەش رادەگەیەنین."
رۆژی دووشەممە، 15-01-2024، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەستمان بە مامەڵەکانی تایبەت بە حەج کردووە. پێویستە ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە سەردانی نووسینگەکانمان بکەن و چێکی پاسپۆرتیان بکەنەوە."
بۆ ساڵی 2024 نرخی حەج بە رێگەی ئاسمانی، 4800 هەزار دۆلار و بە وشکانی چوار هەزار دۆلارە. بە گوتەی بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان، لەکۆی ئەو 4800 هەزار دۆلارەی بە رێگەی ئاسمانی لە حاجییان وەردەگیرێت 2,914 هەزار دۆلار و لە وشکانیش لە کۆی ئەو چوار هەزار دۆلارە دوو هەزار و 84 دۆلاری دەدرێتە حکومەتی عێراق.
شێخ نیاز نەقشبەندی گوتیشی، "هێشتا کاتی وەرگرتنی پارەمان رانەگەیاندووە، بەڵام لەم مانگە رادەگەیێندرێت."
بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "بە گشتی نزیکەی 20 رۆژی دیکەمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی سەرجەم مامەڵەکان تەواو بکەین. ئەم ساڵ دەبێت پڕۆسەکە خێراتر تەواو بکەین."
لە حەجی ساڵی 2023ـدا چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون.
بۆ حەجی 2024، 56 هەزار و 669 کەس داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێشکرد؛ هەروەها 65 هەزار و 195 داواکاری حەجی ساڵی 2017 هەبوون، کە کۆی داواکارییەکە بووە 121 هەزار و 864 کەس، لەکاتێکدا پشکی حەجی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024، چوار هەزار و 174 کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ