رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە رایگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا ئاهەنگی دوو خولی دەرچووانی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.
رۆژی پێنجشەممە، 14-12-2023، دکتۆر مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 2:00ـی ئەمڕۆ ئاهەنگی دەرچوونی هەردوو خولی ساڵانی 2021-2022 و 2022-2023ـی دەرچووانی زانکۆ بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، لە ئاهەنگەکە د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادە دەبێت. گوتیشی، "دەرچووانی هەردوو خولەکەی زانکۆی هەڵەبجە، 1330 دەرچوون."
لەبارەی دواخستنی ئاهەنگی دەرچووانی 2021-2022، د. مەهاباد کامیل گوتی، "بەهۆی قەیرانی دارایی و لەبەر ئەوەی بودجەیەکی زۆری دەویست بۆیە نەمانتوانی لەکاتی خۆی ئاهەنگ بۆ ئەو دەرچووانە بکەین و بڕیاردرا ئاهەنگی هەردوو خول پێکەوە بکرێت."
پێش ساڵی 2010 زانکۆی ئێستای هەڵەبجە تەنیا فاکەڵتییەک بوو بە ناوی فاکەڵتی پەروەردەی بنەڕەتی، کە سەر بە زانکۆی سلێمانی بوو.
لە 8ـی تەمموزی 2010، لە کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە بڕیاری ژمارە 1670 زانکۆی هەڵەبجەی دامەزراند. لە شوباتی 2011 سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە دەستی بە کارەکانی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ