مۆزەخانەیەکی هاوچەرخ لە زاخۆ دروستدەکرێت

14-09-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
پردی دەلال لە زاخۆ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
پردی دەلال لە زاخۆ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ رایگەیاند، مۆزەخانەیەکی هاوچەرخ لە زاخۆ دروستدەکرێت، کە بەمزووانە تەواو دەبێت و ژمارەیەک شوێنەواری دەگمەنیشی تێدا نمایش دەکرێن کە بەم دواییانە دۆزراونەتەوە. ئاشکراشی دەکات، "ئێستا تیمێکی شوێنەوارناسیی زانکۆی جۆهانس بێرگی ئەڵمانی کنە و پشکنین بۆ شوێنەواری گردی دێرەبین دەکەن.
 
محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نوورۆژ، کە لە شاری زاخۆ پێشکێش کرا، لەبارەی مێژووی زاخۆ و پێگەکەی گوتی، "زیاتر لە 5500 ساڵ لەمەوبەر ژیان لە زاخۆ هەبووە، هەروەها شوێنەواری میتانییەکان لە زاخۆ دۆزراونەتەوە کە لەنێوان ساڵانی 1650 بۆ 1350 ساڵ پێش زایین میتانییەکان لە زاخۆ بوون."
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ ئاشکرای کرد، لە تەنیشت پردی دەلال، مۆزەخانەیەکی هاوچەرخ دروستدەکرێت، پڕۆژەکە دەستیپێکردووە، دوای تەواوبوونی، هەموو ئەو پارچە شوێنەوارانەی تێدا نمایش دەکەن، کە لە زاخۆ دۆزراونەتەوە. پرۆژەکە لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە.
 
زاخۆ بە شارێکی مێژووی هەرێمی کوردستان ناسراوە و زیاتر لە 140 ناوچەی شوێنەواری لە زاخۆ دەستنیشان کراون، بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ دەڵێت، ئێستا کنە و پشکنین لە شوێنێکی دیکە دەکەن لە زاخۆ کە پێی دەگوترێت "گرێ دێرەبینێ"، تیمێکی سەر بە زانکۆی جۆهانس بێرگی ئەڵمانی پشکنینەکە دەکەن، پارچەی گرنگی شوێنەواریی تێدا دۆزراونەتەوە، لەنێویاندا ژمارەیەک پەیکەری بچووک و دراوی مێژوویی، کە بۆ سەردەمی بێزەنتی و رۆمانییەکان دەگەڕێنەوە، کە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، هەموو ئەو پارچانە لە مۆزەخانەی هاوچەرخی زاخۆ نمایش دەکرێن. گوتیشی، "مۆزەخانەکە جیاواز دەبێت، بەردەوام بەڕووی سەردانیکاران کراوە دەبێت و زانیاریی ورد دەخاتەڕوو لەبارەی ئەو کەلوپەلە شوێنەوارییانەی تێیدا نمایش دەکرێن."
 
لە دەوروبەری زاخۆ ژمارەیەک ناوچەی شوێنەواری هەن، کە نێوبانگێکی زۆریان هەیە، لەنێویاندا قەڵای ئەرمشتێ و قەڵای شابانیێ و ژمارەیەک ئاش و پرد، هەروەها ژمارەیەک خانووی شوێنەوارییش لە زاخۆ پارێزراون.
 
لەبارەی پردی دەلالیشەوە، بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ دەڵێت، بە بڕوای ئەوان "پردی دەلال، ئامرازی بەیەکگەیشتنی هەردوو ئیمپراتۆریەتی ساسانییەکان لە خوارووی عێراق و بێزەنتییەکان لە ناوچەکانی تورکیا بووە، رەنگە رێگەیەکی سەربازی و ئاوریشمی و بازرگانی بووبێت."
 
بەشێکی زۆری شوێنەوارەکانی زاخۆ وەکو ناوچەی گەشتیاری بەکاردەهێندرێن و ئەوانەی سەردانی زاخۆ دەکەن، دەیانەوێت ئەو شوێنە مێژووییانە ببینن، بۆ راکێشانی سەرنجی زیاتری گەشتیاران. بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ دەڵێت، "قشڵەی زاخۆ و بازاڕی کۆنی زاخۆش نۆژەن دەکرێنەوە، تاوەکو خەڵکی بتوانن زیاتر سەردانی بکەن، هەروەها کۆمەڵێک گەڕەکی کۆن هەن کە خانووی مێژووییان تێدایە، لەنێویاندا گەڕەکی جووەکان، لەگەڵ خەڵکی لە هەوڵداین تاوەکو ئەو خانووانە تێکنەدرێن، تاوەکو چارەسەرێکیان بۆ دەدۆزینەوە و هەوڵدەدەین بیانپارێزین."
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ گوتیشی، کۆمەڵێک شوێنی دیکە لە دەوروبەری زاخۆ هەن گرنگیی پێدەدەن، لەنێویاندا قەڵای هەرمشتێ، بەڵام رێگەکەی سەختە و نۆژەنکردنەوەی ئاستەنگی لەبەردەمدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".