دڵشاد شەهاب بۆ رووداو: دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێنەیەکی دیکەی بە لایەنەکانی بەغدا دا

14-05-2024
ژیڤان بەکر
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا، وێنەیەکی دیکەی بە لایەنەکان دا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 14-05-2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا، ئەوەی سەلماند کە وێنەیەکی دیکەی بە لایەنەکان دا؛ پابەندبوونە بە دەوڵەت، ئیرادەیەکی زۆر باش هەیە بۆئەوەی پەیوەندییەکی زۆر باش لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا هەبێت. هاوکات کاریگەریی لەسەر دراوسێ و بیانییەکانیش هەیە."
 
دڵشاد شەهاب ئەوەی خستەڕوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە سەرخستنی بەرنامەی کاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات، "گفتوگۆکان نەبن، کەلێن دەکەوێتە نێوان پەیوەندییەکان. گەیشتبووە ئەو ئاستەی کەسانێک بوێریی ئەوەیان هەبێت فیدراڵیی هەرێمی کوردستان بە زیاد بزانن؛ عێراق پێویستی بە سیستمێکی وا نییە، عێراق لە باکوور و باشووری وەکو یەکە. ئەمەش بۆچوونێکی تەواو پێچەوانەی دەستوورە. پێویست ناکات گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین ئایا فیدراڵیەت لە کوردستان هەبێت یان نەبێت. بێگومان شتێکە بڕاوەتەوە."
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێیوایە، بوونی پێگەی هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی بەهێزیی پێگەی عێراق؛ نەک لاوازکردنی، تێگەیاندنی دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق لەو تێگەیشتنانە، هۆکاری دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، هاوکات دەنگۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لەسەر حیسابی عێراق بەهێز دەبێ و دەژی، بۆ شەڕی راگەیاندن و هەڵبژاردن دروستکراوە، هەندێک کەس کە لە کارەکەی شکستیهێناوە، دەچێت بیانوو بە سەرکەوتنی خەڵکی دیکەوە دەگرێت.
 
دڵشاد شەهاب دەڵێت، "ئەوە بووە 10 ساڵ هەرێمی کوردستان نەکەوتووەتەوە سەر پێی خۆی و شایەستەی دارایی خۆی بەتەواوی وەرنرگرتووە. مافەکانی دەستووری پێ رەوا نەبیندراوە. دوای ئەم دیدارانە، وای لێ هات وەڵامی سکاڵای هاونیشتمانیانیش دەدرێتەوە."
 
لەبارەی زمانی زبر بەرامبەر بە سەرکردایەتی کورد لە بەغدا، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "لێکتێگەیشتنێکی باش دروست بووە، شێوازی سیاسەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە کە پێیوایە هیچ دەرگەیەک داخراو نییە و هەموو دەرگەیەک کلیلێکی خۆی هەیە. هەندێ بۆچوون لە بەغدا یان ناوەندە عێراقییەکان هەن، پێیوایە ئەوە لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت، نەک فیدراڵییە، بەڵکوو کۆنفیدراڵییە. لە هەرێمی کوردستانیش دەبینین، هەندێ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە لە ئاستی پارێزگادایە، ئەمە زۆر جیاوازە. بۆیە لێکتێگەیشتنەکان گرنگ و لایەنەکان داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە بچێت سەردانی شارەکانی دیکەی عێراقیش بکات؛ تاوەکو دنیابینی و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت."
 
لەبارەی ئاڵنگارییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و عێراق دڵشاد شەهاب گوتی، "پێویستە عێراق و هەرێمی کوردستان تەبا و کۆک بن، کێشەی گەورەتریان هەیە تاوەکو پێکەوە رووبەروویان ببنەوە. پێویستە هەڕەشەکانی عێراق بەهەند وەربگیرێن. دوای دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک پرسیار وەڵامدراونەتەوە و ئێستا بە شێوەیەکی دیکە سەیر دەکرێین."
 
لەبارەی درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دڵشاد شەهاب دەشڵێت، "بێگومان دەتوانێت چارەسەری کێشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. ئەو پڕۆژەیە جێی دەستخۆشییە. ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران پشوویان وەرگرتبووبا، بۆشایی یاسایی دروست بوو. ئێستا داوایەک هەیە، هەموارێکی سیستمی ناوخۆی کۆمیسیۆن بکرێت بۆ دابەشکردنی کورسییەکان. ئەگەر ئەوە بکرێت، دەبیت کۆمیسیۆن دووبارە بە خشتەی کارەکانی خۆیدا بچێتەوە. ئەوەی لای ئێمە گرنگە، هەڵبژاردنیکی سەرکەوتووانە و بەشداری هەموو لایەنەکانە. ئێستا هەوڵی باش لە ئارادان، هەمووشیان بە ئاراستەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوون لە کوردستان."
 
لەبارەی سکاڵای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، "ئەگەر دادگە داواکەی پەسند کرد، کۆمیسیۆن پێداچوونەوەی کرد، هەڵسەنگاندنێک بۆ کاتی خۆی دەکات، ئایا ئەو کاتە بەشی دەکات؟ یان بەشی ناکات؟ ئەوکات کۆمیسیۆن خۆی دەتوانێت داوای کات بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."