رووداو دیجیتاڵ
دە ساڵە نووسینگەى مادەى 140 لە شنگال داخراوە، زیانلێکەوتووان قەرەبوو نەکراونەوە. ئێستا سێ پێشنیاز کراوە بۆ کردنەوەى نووسینگەکە.
کاکەرەش سدیق، بەرپرسی ئۆفسی کەرکووکى لیژنەى باڵاى مادەى 140 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پێشنیازکراوە بۆ لیژنەى باڵاى مادەکە ئەو نووسینگەیە لە شنگال یان دهۆک بکرێتەوە، یان لە نووسینگەى کەرکووک مامەڵەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان رایی بکرێت.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى مادەى 140 بۆ پێشنیازى کردنەوەى نووسینگەکە لە شنگال چاوەڕوانى ئاساییبوونەوەى دۆخى ئەو قەزایەیە.
کاکە رەش سدیق گوتى: "بە فەرمى وەڵامى ئەو پێشنیازانە نەدراوەتەوە، بەدیاریکراوی نازانین ژمارەى ئەوانە چەندن کە قەرەبوو نەکراونەتەوە".
لە ساڵی 2014ـەوە داعش شنگالى کۆنتڕۆڵکرد، لەو کاتەوە نووسینگەى مادەى 140 داخراوە، ئەرکى نووسینگەکە راییکردنى مامەڵەى ئەو کەسانەیە کە لە ناوچە کوردستانیەکان راگوێزراون.
30ى نیسان فەهمى بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتى شادێک چووە نەینەوا، کردنەوەى نووسینگەى مادەى 140ى لەگەڵ بەرپرسانى شارەکە باسکرد.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لێژنەى ئەمنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "پێشنیازمان بۆ شاندەکە کرد ئەوەى لە نەینەواوە دەکرێت بۆ کردنەوەى نووسینگەگە ئێمە دەیکەین، ئەگەر زانرا دەبێت لە بەغدا پرسەکە یەکلابکرێتەوە، ئەوان لە هەرێمى کوردستانەوە هەوڵى بۆ بدەن".
دۆخى ئەمنیى شنگال یەکێک بووە لە پاساوەکانى نەکردنەوەى نووسینگەى مادەى 140، تاوەکو ئێستا شارەکە قایمقامى نییە. چوار ساڵ لەومەریش رێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شارەکە کرا، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
محەممەد کاکەیی دەڵێت: "دۆخى ئەمنیى شنگال باشە، زۆربەى بەرێوەبەرى ناحیەکان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان قایمقامیش هەڵدەبژێردێت".
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو ژمارەى ئەوانەى خۆیان بۆ پۆستى قایمقامى شنگال بەربژێر کردووە گەیشتووەتە هەشت کەس، ئەمڕۆ دوا وادەى رادەستکردنى ناوى بەربژێرانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ