وەرزشڤانێک کاژێرێک و 40 خولەک لەنێو سەهۆڵاوی ئاوی زەڵم دەمێنێتەوە

14-02-2020
رووداو @Rudawkurdish
پەروێز خارگێڵانەی، وەرزشڤان
پەروێز خارگێڵانەی، وەرزشڤان
A+ A-

رووداو - هەولێر

وەرزشڤانێکی هەڵەبجە بەناوی پەروێز خارگێڵانەی لە سەرچاوەی زەڵم لە ھەورامان لە ئاوی سارددا بۆ ماوەی کاژێرێک و 40 خولەک دەمێنێتەوە و 30 خولەکیش لەنێو سەهۆڵاودا مەلە دەکات، پلەی گەرمای ناوچەکە شەش پلەی سیلیزی لەژێر سفرەوەیە.
 
پەروێز خارگێڵانەی، وەرزشڤان دەیەوێ مەلەکردن لەناو ئاوی سارددا بکاتە کولتوور، داوادەکات ھاونیشتمانییان خۆیان لەگەڵ سەرمای زستان رابھێنن، ئەو دەڵێ، ھەستێکی زۆر خۆشی ھەیە چونکە پێیوایە سەرما شتێکە کە یەکێک لە ئازادییەکانی دەکوژێت، بەڵام کاتێک بەرەنگاری سەرما دەبێتەوە جارێکی دیکە خۆی ئازاد دەکات.
 
پەروێز خارگێڵانەی ئاماژە بەوە دەکات "وەرزی زستان لای ئێمە کەس سوودی لێ وەرناگرێ، زۆر باسی ئەوە دەکەین کە سەرمایە و خۆمان دەدەینە بەر گەرما و خۆمان گەرم دەکەینەوە، دەبێت وابکەین ئێمە خۆمان لەگەڵ سەرما رابھێنین، من لەم ئاوە دەردەچم ھەموو شتێک بە جۆرێکی دیکە دەبینم، بۆ ھەناسەدان زۆر سوودم لێ بینیوە سییەکانت زۆر ئازاد دەکات، ھیوادارم ببێتە کولتوورێک".
 
ئەو وەرزشڤانە باس لەوە دەکات کە دەچێتە ھەموو جێگەیەک ئیدی بۆی گرنگ نییە ئاگر و گەرمکەرەوە ھەبن یاخود نا و دەڵێ "ھیچ کێشەیەکم نییە و پێنج ساڵە بەردەوام ئەم یارییانە دەکەم".
 
پەروێز دەشتوانێت 30 خولەک لەنێو بەفردا بەبێ پۆشاک بمێنێتەوە و بە شۆرت و پێڵاویشەوە بۆ ماوەی کاژێرێک و 30 خولەک بەناو بەفردا بڕوات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە