هەولێر دیجیتاڵ
سەرچاوەی زەڵم بەهۆی بارانەوە ئاستی ئاوەکەی بەرزبووەتەوە و لە چەند لایەکی چیای هەورامانەوە، سەرچاوەکە تەقیوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2024، سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە سەرچاوەی زەڵمی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، لە بووڵتەنی کاژێر 14:00 گوتی "سەرچاوەی زەڵم یەکێکە لە دڵڕفێنترین سەرچاوە ئاوییەکان و شوێنە گەشتییارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە. شەوی رابردوو سەرچاوەکە تەقیوە و لە چەند لایەکی چیاکەوە، ئاوەکە دەڕژێتە خوارەوە."
سەرچاوەی زەڵم، کەمێک لە گوندی زەڵمەوە دوورە و بە چیای هەورامانەوەیە. نهێنیی دڵگیریی گوندی زەڵم، زیاتر لە سەچاوەی زەڵم و دارگوێزە چڕ و بڵندەکانییەتی.
ئەو دووکانانەی لە نزیک سەرچاوەی زەڵمن، هەندێ خۆراک تایبەتی وەک: شێلم، پاقلە و دەنکە هەنار دەفرۆشن و بەدەم سەیرکردنی دیمەنی ناوچەکە دەیانخۆن.
سەرچاوەی زەڵم تاڤگەیەکی بەرزە و بە قەد چیای هەورامانەوەیە وەکو بەفرێکی سپی دێتە خوارەوە. ئاوەکەی سازگارە و لەگەڵ ئاوی سیروان و تانجەڕۆ یەکدەگرن و پێکەوە دەڕژێنە دەریاچەی دەربەندیخان.
سەرچاوەی زەڵم جگە لەوەی بووەتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ گوندنشینانی زەڵم، لە چوار وەرزی ساڵیشدا گەشتیاران پێیان لەو هاوینەهەوارە دڵڕفێنە نابڕن. لە سێبەری دارگوێزەکان و لە قەراخ هاژەی بە خوڕی ئاوەکەدا، رۆژانی پڕ لە ماندوویی لە بیر خۆیان دەبەنەوە و لەنزیکییەوە پشوو دەدەن.
هاونیشتمانییەک کە دانیشتووی گوندی زەڵمە، لەبارەی تەقینی سەرچاوەی زەڵم بە رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی نەبووە، بەڵام بەپێی ئەزموونی خەڵکی ناوچەکە، هەر جارێ ئەو ئاوە زیاد بکا و لە پاییزدا بتەقێت، تەواوی ساڵەکە ئاو کەم ناکات؛ ئەگەر کەمیش بکات، ناگاتە ئاستێک کە ئاوی کشتوکاڵ و باخ و بێستان نەدات."
بە گوتەی هاونیشتمانییەکەی دانیشتووی گوندی زەڵم، ئەمساڵ بە شێوەیەکی باش و زوو، سەرچاوەکە تەقیوە. "تەقینی ئەو ئاوەش دڵخۆشکەرە، چونکە گەورەترین سەرچاوەیە لە پارێزگەی هەڵەبجە؛ هاوکات لە پارێزگای سلێمانیش هیچ سەرچاوەیەکی هێندە گەورە نییە."
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەڵەبجە رایگەیاند، بەهۆی تەقین و زیادکردنی ئاوی سەرچاوەی زەڵم، تام و بۆن و رەنگی ئاوەکە گۆڕدراوە، بەو هۆیەوە ناتوانرێ بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی و لە ماڵان سوودی لێ وەربگیرێت. بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵبجەیش تابلۆی بۆ هەندێک شوێن داناوە، کە خەڵک و گەشتیاران نابێت لێی نزیک ببنەوە.
بەشێک لە قەزای خورماڵ و پارێزگای هەڵەبجە، لەو سەرچاوەوە ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
گوندی زەڵم دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی خورماڵ، ئەگەرچی رێگەی گەیشتن بەم گوندە سەختە، بەڵام نەبووەتە رێگر بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە. سیمای سەیرانگەی زەڵمیش ئەگەرچی دەستکردی گوندەکە خۆیەتی و کۆنە، بەڵام بووەتە سەرچاوەی خۆژیێنی هەندێک لە خێزانەکانی گوندی زەڵم، کە لە رابردوودا زیاتر لە 150 ماڵی تێدابوو، بەڵام ئێستا نزیکەی 50 ماڵی تێدایە و دانیشتووانەکەشی بە کاری ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ