حکومەتی عێراق 618 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت

14-01-2024
دیار جەمیل
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بریاریدا بە ناردنی 618 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـدا. 
 
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدای راگەیاندووە، " ئەو 618 ملیار دینارەی کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێداوە، قەرز و سولفە نییە، بەڵکو ناردنی ئەو پارەیە لە پشکی هەرێمی کوردستانە لە یاسای بودجەی 2024ـدا."
 
حکومەتی عێراق پێشووتر بڕی 700 ملیاری دەنارد وەکو قەرز، بۆ دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو بڕەی کەمکردووەتەوە، لەوبارەوە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو گوتی، "دوای وردبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێکدانەوە و خەمڵاندنەکانی عێراق بۆ مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە 615 ملیار دینار خەمڵێندراوە و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ لێکدەدرێت و مووچەی پێ دابەشدەکرێت."
 
بە کەمکردنەوەی ئەو بڕە، هەرێمی کوردستان تووشی کورتهێنان دەبێت؟ 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگەکانی رابردوودا بە ناردنی 700 ملیار دیناریش هەندێکجار لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا تووشی کورتهێنان دەبوو، بەپێی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، شاندی هەرێمی کوردستان بەر لە گفتوگۆکردن لەبارەی بودجەی 2024، داوایان کردبوو ئەو 700 ملیارە زیادبکەن بۆ 750 ملیار دینار، بەڵام جێبەجێ نەکرا، ئێستا پێشبینی دەکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میکانیزمێک ئەو کورتهێنانە چارەسەر بکات.
 
"تاوەکو هەمواری یاسای بودجە 618 ملیار دەنێردرێت" 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، "تاوەکو هەمواری یاسای بودجە دەچێتە پەرلەمانی عێراق و یاساکە هەموار دەکرێتەوە، حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی 618 ملیار دینار بەردەوام دەبێت، بەمە کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان تارادەیەک چارەسەر دەکرێت، هەروەها لەگەڵ هەموارکردنەوەی بودجە کێشەی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی کۆتاییان دێت." 
 
615 یان 618 ملیار دینار؟ 
 
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەو داتایانەی خرابوونە بەردەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە 615 ملیار خەمڵێندرابوو، بەڵام پاش ئەوەی لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەنگی لەسەردرا، وەزارەتی دارایی جارێکی دیکە وردبینی بۆ ژمارەکە کرد، دەرکەوت 12.67%دەکاتە 618 ملیار دینار بۆیە ژمارەکە گۆڕانکاری بەسەرداهات. 
 
لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناردنی پارە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند کە خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق گوتوویەتی ئەو بڕە پارەیەی دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان 615 ملیار دینارە، بەڵام دواتر لەدوای گۆڕانکارییەکان زانیارییەکەی راستکردەوە. 
 
هاتنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو رۆژە لە بەغدایە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حیزبی چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی بوو. 
 
لەبارەی مووچەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە یادی "شەهیدانی میحراب" رۆژی 13-01-2024، لە بەغداوە  گوتی، "ئێستا لەبەر نەبوونی بودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و ئەوە کاریگەرییەکی خراپی کردووەتەسەر هەموو کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان. زۆر پێویستە ئەو کێشە گەورەیە بەزوویی چارەسەر بکرێت، ئەوەش بەرپرسیارێتیی هەموومانە، چونکە هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرەکانی بەشێکن لە عێراق."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرس و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، جەختی لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر - بەغدا کردووەتەوە. داوای کردووە لە کاتێکدا هەمواری یاسای بودجە دەگاتە پەرلەمانی عێراق گرفتی لەبەردەم دروست نەکرێت بۆ ئەمەش رەزامەندی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکاندا بەدەستهێناوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

خۆپێشاندان لە دێرسم قەدەخە کرا

دوای دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارۆچکەی پلوور لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، خۆپێشاندان و گردبوونەوە لەو پارێزگایە و خارپێت قەدەخە کرا