رووداو دیجیتاڵ
دوای راگەیاندنی ساڵنامەی نوێی خوێندن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی، هێشتا بایکۆتی مامۆستایان و وانەبێژان بەردەوامە و ئەمڕۆ لە سنووری 13 پەروەردە خۆپێشاندان بەڕێوەدەچێت.
7ی ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو دەستپێدەکات."
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی وانەبێژان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەگەر نووسراوی وەزارەتی پەروەردە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت و بکرێتە بڕیار، ئەوکات دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن."
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا بە نووسراوێکی پەروەردە ناگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن و گوتیشی، "ئەمڕۆ لە سنووری 13 پەروەردە خۆپێشاندانی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت."
دوای راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارەکان لە راگەیێندراوێکی جیادا داوایان کرد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و مامۆستایان بگەڕێنەوە دەوام.
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی دیکەی مامۆستایانە و رۆژی شەممە 13-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە تەواوی ئەو پەروەردانەی بایکۆت هەیە، نزیکەی 30 قوتابخانەیەک لەنێو سلێمانی کراونەتەوە و لە شارەکانی دیکە هیچ قوتابخانەیەک دەوامی تێدا ناکرێت؛ ئەگەر قوتابخانەیەکیش بە فەرمانی کارگێڕی کرابێتەوە، تەنیا بەڕێوەبەر و یاریدەدەر دەچن و قوتابیان دەوامی تێدا ناکەن، چونکە مامۆستاکان نەگەڕاونەتەوە."
رۆژی 9ی ئەم مانگە پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاندن و بەگوێرەی ساڵنامەکە بێت، پێویستبوو 9ی ئەم مانگە خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێبکاتەوە و تاوەکو 4ی ئاداری ئەمساڵ دەخایێنێت، هاوکات 09-03-2024 تاوەکو سێشەممە 19-03-2024 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 80 نمرە بەڕێوەدەچێت.
جێبەجێکردنی داوای مامۆستایان مانگانە زیاتر لە 28 ملیار دیناری پێویستە
کۆی مووچەی وانەبێژان نزیکەی 13 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەگەر تەواوی وانەبێژان بکرێنە گرێبەست، مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 17 ملیار و 500 ملیۆن دینارە؛ واتە حکومەت هەر مانگێک چوار ملیار بودجەی زیاتری پێویست دەبێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 123 هەزار مامۆستای دامەزراوی هەمیشەیی هەن و مووچەیان بە گوێرەی بڕوانامە و خزمەتیان جیایە؛ بەرپرسێک لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرزبوونەوەی پلەی هەر مامۆستایەک جیایە لەوی دیکە؛ بەگشتیی زیادکردنی مووچەکەی لە 100 بۆ 300 هەزار دینار دەبێت."
ئەگەر ژمارەی تێكڕای مامناوەندی بەرزکردنەوەی مووچەی مامۆستایانی دامەزراو وەربگرین کە 200 هەزار دیناری مانگانە بێت، 123 هەزار مامۆستای دامەزراو مانگانە پێویستیان بە 24 ملیار و 600 ملیار دیناری دیکەیە بەپێی پلەکانیان.
بە گوێرەی ئەو ژمارانەی سەرەوە بێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی 28 ملیار و 600 ملیۆن دینار بودجەی زیاترە بۆ مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژ.
زیاتر لە چوار مانگە و لە 13-09-2023ـەوە ساڵی خوێندنی 2023 –2024 دەستیپێکردووە، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک؛ ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران خوێندن ئاساییە. لەو سنوورانەشی بایکۆت هەیە، خوێندنی ئەهلی لە هەموو قۆناخەکاندا بەردەوامە و دوانەکەوتوون.
بایکۆت لەکاتێکدایە، لەو سنوورانەی خوێندن بەردەوامە 21ـی ئەم مانگە وەرزی دووەمی خوێندن دەستپێدەکات و وەرزی یەکەم کۆتایی دێت.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ