رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە رێگەی سەرەکی نێوان ناوەندی شاری وان و شارۆچکەی میکس داخراوە و ئەمڕۆش لە قوتابخانەکان کرایە پشوو.
پارێزگای وان رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر، رۆژی هەینی 13ـی کانوونی یەکەم، لە سەرجەم قوتابخانەکانی سەرتاسەری پارێزگاکە پشوو دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە 12ی کانونی یەکەمی 2024، شارەوانیی میکس رایگەیاند، بەهۆی بەفر و سەهۆڵبەندانەوە مەودای بینین لەسەر رێگای سەرەکی میکس - وان کەمبووەتەوە، هەروەها بەهۆی مەترسی لەسەر هاتووچۆ، بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان رێکاری خۆپارێزی گرتووەتەبەر و رێگەکە بەڕووی هاتووچۆدا داخراوە.
دوای داخستنی رێگەکە، ئێستا دەتوانرێت لە شارۆچکەی خیزانی سەر بە بەدلیس، گەشت بکرێت بۆ شارۆچکەی میکس.
رێگەی میکس - وان لە زستاندا مەترسیدارە و زۆر جار هەرەسی بەفر روودەدات و رێگەکە دادەخرێت. لە مانگی شوباتی ساڵی 2020 بەهۆی هەرەسی بەفرەوە 42 کەس لەو رێگەیە گیانیان لەدەستدا.
لە لایەکی دیکەوە کەشناسی تورکیا رایگەیاند، بەفرێکی زۆر له پارێزگاکانی وان، جۆلەمێرگ، ئاگری، ئیدر و بەدلیس باریوە و شەپۆلی بەفربارینەکە ئەمڕۆ هەینیش بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ