رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، لەپێناو بەشداریکردنی هاونیشتمانییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، رۆژانی 17 و 18ـی مانگ هەر وانە یان تاقیکردنەوەیەک هەیە دوابخرێت و مامۆستا، فەرمانبەران و خوێندکارانیش بە نەهاتوو هەژمار نەکرێن.
بەگوێرەی نووسراوێک کە رۆژی چوارشەممە 13-12-2023 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی ناردووە، داواکراوە ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن رۆژانی 17 و 18 مانگ بە نەهاتوو هەژمار نەکرێن.
لە نووسراوەکەدا کە ئاراستەی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان (حکومی و تایبەت) کراوە، هاتووە، "لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و لەپێناوی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ،کاری پێویست بکرێت بە دواخستنی هەر وانە یان تاقیکردنەوەیەک لە رۆژانی 17 و 18ـی 2023 لە رۆژانی دواتر قەرەبووبکرێنەوە بۆ قوتابیان و خوێندکارانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان."
لە خاڵێکی دیکەدا لە نووسراوەکە هاتووە، "لەو دوو رۆژەی لە خاڵی سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، سەرجەم مامۆستا، فەرمانبەر، قوتابی و خوێندکاران کە دەنگیان دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە نەهاتوو هەژمار نەکرێن."
نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی هەرێمی کوردستان بە واژۆی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر خەتاب ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون بەوەکالەت ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگاکان کراوە.
بڕیارە لە 18ـی کانوونى دووەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت. یەکەمجارە لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت. 6022 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ