ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی هۆکاری ئاگرەکەی سۆران و دۆخی کارەبا دەکات

13-12-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ     

 

ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و بڕیارە تاوتوێی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران و بارودۆخی کارەبا بکات. 
 
رۆژی چوارشەممە 13-12-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
 
بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکێک لە بڕگەکان تایبەت بێت بە هەڵسەنگاندنی رێكارەكانی فریاگوزاریی شارستانی و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەكەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە لە 8ـی ئەم مانگەدا روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 14 کەس و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
 
ئەو ئاگرە، شەوی 08-12-2023 کاژێر 08:15 لە باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکی سۆران - چۆمان لە گەڕەکی جووندیانی سۆران کەوتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لیژنەیەکی بۆ زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پێکهێنا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران بە رووداوی گوت، "لیژنەکە ئەمڕۆ کارەکانی تەواوکردووە و راگەیاندنی راپۆرتەکە لای وەزارەتی ناوخۆییە و ئەوەی روونبووەتەوە هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە."
 
لە بڕگەیەكی دیکەی کۆبوونەوەکە، بڕیاری كۆتایی لەسەر راپۆرتی جێگری سەرۆکوەزیران، تایبەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خستنەڕووی راسپاردە و چارەسەرەکان دەدرێت، کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیراندا خرابووەڕوو و بڕیاردان لەسەر راپۆرتەکە بۆ کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە دواخرابوو.
 
لە دوایین بڕگەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، تاوتوێی راپۆرتێکی وەزیری كارەبای هەرێمی کوردستان دەکرێت لەبارەی رەوشی كارەبا و گرفتی کوژانەوەی گشتیی سیستمی کارەبا و هەوڵی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و گەڕانەوەی كارەبا. هەر پەیوەست بەو پرسە بەرنامەی پریپەید و نرخەكەی تاوتوێ دەكرێت. 
 
گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 30-11-2023، تۆڕی گشتیی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان کوژایەوە و وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەیەکدا گوتی، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، تەواوی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی کوردستان كوژانەوە و تیمەکانی وەزارەتی كارەبا پاش چەند کاژێرێک کێشەکەیان چارەسەر كرد. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.