رووداو دیجیتاڵ
پارتی چەپی سەوز - یەسەپە، رۆژی یەکشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە شاری ئەنقەرە چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی دەکات. لە کۆنگرەکەدا هاوگوتەبێژان دەگۆڕدرێن و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنیش کەمدەکرێنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە 10 هەزار کەس بەشداری کۆنگرەکە بکەن، لە کۆنگرەکەدا 800 ئەندام دەنگ دەدەن و 80 - 90٪ـی بەڕێوەبەرایەتیی یەسەپە دەگۆڕدرێت.
چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی یەسەپە بە دروشمی "دیسانەوە بۆ ئازادی" لە هۆڵی وەرزشی ئەتاتورک بەڕێوەدەچێت.
بۆ ئامادبوون لە کۆنگرەکەدا بێجگە لە ئاکپارتی و مەهەپە، نوێنەرانی هەموو پارتە سیاسییەکان و پارتە چەپ و سۆسیالیستییەکانی جیهان بانگهێشت کراون و نزیکەی 100 رۆژنامەڤان بۆ رووماڵکردنی کۆنگرەکە ئامادە دەبن.
لە کۆنگرەدا، هاوسەرۆکانی یەسەپە دەگۆڕدرێن و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی یەسەپەش کەم دەکرێتەوە.
هەر لە کۆنگرەدا، حەوت مادەی پەیڕەوەی ناوخۆ هەموار دەکرێنەوە و دوو مادەی نوێش بۆ پەیڕەوەکە زیاد دەکرێت. گۆڕانکارییەکان هاوتەریب دەبن لەگەڵ ئەو پێشنیارانەی کە لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا لەگەڵ خەڵک کراون و ئەو بڕیارانەی لە کۆنفرانسەکاندا دراون.
یەکێک لە گۆڕانکارییەکان گۆڕینی ناوی یەسەپە دەبێت و ناوێک پەسند دەکرێت کە هەدەپە و پارتە سیاسییەکانی پێش خۆی وەبیر بهێنێتەوە.
تەوەری سەرەکی کۆنگرە بریتی دەبێت لە چارەسەری کێشەی کورد و خستنەڕووی چارەسەری ئاشتی و دیالۆگ بۆ پەرەسەندنی شەڕی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
یەسەپە لە کۆنگرەکەدا بانگەوازێکی نوێ بۆ حکومەت دەکات لە بارەی چارەسەری پرسی کورد، هەروەها نەخشە ڕێگەی قۆناخی نوێ رادەگەیەنێت.
لە کۆنگرەکەدا پەیامی گرنگ سەبارەت بە هەڵوێستی داهاتوو لەبارەی هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنی شارەوانی ساڵی 2024 دەدرێت، هەروەها لە کۆنگرەکەدا پەیام سەبارەت بە دەستووری نوێی تورکیا دەدرێت کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە خراوەتە بەرنامەی کارەوە.
بەرپرسانی یەسەپە، بە ئاماژەدان بەوەی هیچ دژایەتییەکیان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور نییە، دەڵێن، "ئەگەر کار و میتۆدی دروست پەیڕەو بکرێت و ئامانجەکە دەستوورێکی دیموکراسی بێت، ئێمە ئامادەین بۆ دانوستاندن لەگەڵ هەر دەسەڵاتێک و هەر کەسێک."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ