رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، 10 ناوچەی دیکە وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندران و بۆ ماوەی 15 رۆژ چوونی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لەلایەن پارێزگای شرنەخەوە بڵاوکراوەتەوە، 10 ناوچەی سەر بە ناوەندیی شاری شرنەخ و شارۆچکەکانی جزیر، سلۆپی، قلەبان، باسان و ئەلکێ بۆ ماوەی 15 رۆژ وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندران و هاتن و چوونی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کرا.
پارێزگای شرنەخ رایگەیاند، قەدەخەکردنەکە لە ئەمڕۆ هەینی 13ـی تشرینی یەکەمی 2023 ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 27ـی تشرینی یەکەمی 2023 بەردەوام دەبێت.
پارێزگای شرنەخ دەڵێت، "بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە" ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون.
پارێزگای شرناخ هۆشداری داوەتە خەڵکی کە لە پێناو سەلامەتی خۆیان نەچنە ناوچە قەدەخەکراوەکان، ئاماژەی بەوەشداوە ناوچە قەدەخەکراوەکان لە ماڵپەڕی فەرمی پارێزگای شرنەخ بڵاوکراونەتەوە و دیاریکراون.
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ