حیزبی سۆسیالیست: خۆمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکەین

13-10-2021
کۆشش بێستانسووری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە و دەشڵێت، "خۆمان ساز و رێکدەخەینەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".
 
لە راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستاندا هاتووە، "هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاوێکی دیکەی دیموکراسی بوو، بە سەرکەوتوویی گەیشتە ئەنجام". ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای گۆڕان لە سیستەمی هەڵبژاردنەکان و کێشە تەکنیکییەکان، "بەڵام بە ئارامی و ئازادی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکانی بانگەشە و دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامەکانی کورد لە کەرکوک، موسڵ و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستکەوتی گەورەن و مایەی شانازین بۆ هەمووان".
 
حیزبی سۆسیالیست پیرۆزبایی لە بەربژێرە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن دەکات و هیوا دەخوازێت، "ئەم سەرکەوتنە هۆکاری بەهێزکردنی ریزەکانی گەل و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت بۆ بە یەک دەنگ و لە یەک سەنگەر بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و ماف و داوا رەواکانی کورد لە پەرلەمان و حکومەتی ئاییندەی عێراقدا".
 
هەروەها ئەو حیزبە سوپاسی ئەندام و لایەنگرانی دەکات کە بە پەرۆشەوە بەشداریی دەنگدانیان کرد و دەشڵێت، "ئامانجمان لە پشتیوانیی بەربژێرەکان، سەرخستنی کەسانی تێکۆشەر و دڵسۆز بوو بۆ بەرپرسیارێتیی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ خۆڕێکخستنەوە و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان".
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە