رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فەرمیی تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئەیلوول بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا - میت لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کەمپی مەخموور کەسێكی بەناوی ئازاد ئاکنجێ ناسراو بە "عادل ماردین" کردووەتە ئامانج، کە بەگوێرەی دەزگا هەواڵگرییەکە، بەرپرسی پەکەکە بووە لە کەمپەکەدا.
ئاژانسەکە بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستیکەوتوون بڵاوی کردووەتەوە، میت شوێنی ئازاد ئاکنجی ئەندامی پەکەکە/کەجەکەی دیاریکردووە، کە بە "تاوانی تیرۆر" لە لیستی سووری داواکراوانی تورکیا بووە.
رۆژی 10-09-2024 کەمپی مەخموور لەلایەن تورکیاوە بە درۆن بۆردوومانکرا. دوای رووداوەکە سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری 6ی پێشمەرگە (گوێڕ - مەخموور) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بۆردوومانەکەی کەمپی مەخمووردا، کەسێک کوژراوە و دووی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسی میحوەری 6ی پێشمەرگە (گوێڕ - مەخموور) ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجەکە ماڵێک بووە لەنێو کەمپەکەدا و دیارنییە قوربانییەکان سڤیل بوون یان نا."
کەمپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی (شەهید رۆستەم جوودی)، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە.
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێن. تورکیا زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، کەمپەکە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ