رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، بۆ ماوەی 15 رۆژ قەدەخەی چوونی خەڵک بۆ چەندین ناوچە درێژکرایەوە. قەدەخەکردنەکەش بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئەیلوول لەلایەن پارێزگای شرنەخ بڵاوکراوەتەوە، قەدەخەی چوونی خەڵک بۆ ناوچەکانی چیای جودی، بەستا، چیای گابار و چەند ناوچەیەکی دیکە لە سنووری ئەو پارێزگایە کە پێشتر وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ ماوەی 15 رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە لە سبەی شەممە 14ـی ئەیلوول دەخرێتە بواری جێبەجیکردنەوە و تاوەکو 28ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
ئەو ناوچانەی بەپێی بڕیاری پارێزگا قەدەخە کراون دەکەونە سنووری شارۆچکەکانی "جزیر، باسا، سلۆپی و قلەبان".
پارێزگەی شرنەخ رایگەیاندووە، "بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە"، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون و داوای لە خەڵکی کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت رادەگەیێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ