سێنتکۆم: چەکدارێکی داعشمان لە سووریا کوشت

13-09-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کوشتنی چەکدارێکی داعش لە رۆژهەڵاتی سووریا رادەگەیێنێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سێنتکۆم کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، چەکدارەکە رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بە هێرشێکی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی سووریا کوژراوە. 
 
هێزە ئەمریکییەکە دەڵێت: "ئەو کەسە سەرقاڵی چاندنی بۆمبێک بوو وەک بەشێک لە هێرشێکی پلان بۆدانراو لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانی [ـی نێودەوڵەتی] و هاوبەشەکانمان".
 
کوشتنی ئەو چەکدارەی داعش لە سووریا نزیکەی دوو هەفتە دوای هێرشێکی دیکەی هاوبەشی ئەمریکا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دێت بۆ سەر حەشارگەیەکی داعش لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق کە تێیدا 15 چەکداری رێکخراوە پەڕگیرەکە کوژران. 
 
داعش کە کورتکراوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"ـە، لە ساڵی 2014 شاڵاوێکی گەورەی پڕ لە کوشتوبڕی دەستپێکرد و لە لووتکەی بەهێزیی خۆیدا، رووبەرێکی فراوانی عێراق و سووریای کۆنترۆڵکردبوو، کە هێندەی نیوەی رووبەری شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بوو. 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە بەشداریی زیاتر لە 80 وڵات بە سەرکردایەتیی ئەمریکا پێکهێنرا بۆ ئەوەی لە بەزاندنی داعش یارمەتیی هێزە خۆجییەکان بدات. لە ئەنجامدا، لە ساڵی 2017 لە باشووری کوردستان و عێراق و 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، سەرکەوتن بەسەر داعشدا راگەیێندرا. 
 
بەڵام چەکدارە بەجێماوەکانی رێکخراوە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوەکە، لە بیابانەکانی عێراق و سووریا بەردەوامن لە جموجوڵ، لە کاتێکدا رێکخراوەکە بەرپرسیاریێتی لەو هێرشانە دەردەبڕێت کە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەکرێن. هەروەها لقی رێکخراوەکە لە ئەفغانستان تاوەکو دێت هێرشە خوێناوییەکانی زیاتر دەکات. 
 
مانگی تەممووزی ئەم ساڵ، سوپای ئەمریکا گوتی، ژمارەی ئەو هێرشانەی عێراق و سووریا کە داعش بەرپرسیاریێتیان دەگرێتە ئەستۆ، ئەم ساڵ دووهێندە دەبن بەراورد بە پار. 
 
لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە 153 هێرش لە عێراق و سووریا راگەیاند، بەراورد بەوە، لە تەواوی ساڵی 2023 بەرپرسیاریێتیی لە 121 هێرش راگەیاندبوو. 
 
بە گوتەی سێنتکۆم، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، 44 چەکداری داعشیان لە عێراق و سووریا کوشتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''