ئاوی هەولێر: حکومەت 20 ملیار دیناری بۆ گرفتی کەمئاوی خەرجکردووە

13-08-2023
رێبوار عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر رایدەگەیێنێت، حکومەت بڕی 20 ملیار دیناری بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرفتی کەمئاوی و وشکەساڵی تەرخانکردووە. دەشڵێت، "ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە رۆژهەڵاتی هەولێر نزیکەی 40 مەتر دابەزیوە و بیر هەیە تەنیا ئەم ساڵ سێ جار قووڵییەکەی زیاد کراوە."

زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، "بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە پارێزگای هەولێر، هەفتانە کۆبوونەوەیەکی تایبەتمان هەیە بە بەشداریی شارەوانییەکان، کارەبا، پارێزگای هەولێر، هەروەها ساڵانە لە مانگەکانی 11 و 12 گریمانەکانی خۆمان بۆ حکومەت دەخەینەڕوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانمان لە لێدانی بیر و پرۆسەی دابینکردنی ئاو بۆ هاونیشتمانییان لە رێگەی تانکەر لەگەڵ کڕین و دابینکردنی ترومپای ئاو بۆ بیرەکان و چاککاری تێیاندا".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، "سەرۆکی حکومەت رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنی بڕی 20 ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی، بەڵام رێکاری دابینکردنی پارەکە کاتی دەوێت، بۆیە بڕیار وایە بەم نزیکانە 20%ـی پارەکەمان بۆ خەرج بکەن، ئەمە جگە لە دابینکردنی بڕی دوو ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر."
 
لە پارێزگای هەولێر جگە لە پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز، لە رێگەی 104 بیرەوە ئاوی خواردنەوە بۆ هاونیشتمانییان دابین دەکرێت کە لەنێویاندا ژمارەیەک بیر وشکیان کردووە و ئاویان تێدا نەماوە.
 
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێت، "تائێستا 32 بیرمان دووبارە هەڵکەندووە لەوانەی وشکیان کردبوو، هەروەها 33 بیری دیکە ماون لێبدرێنەوە، ئەمە جگە لە بەرزکردنەوەی داواکاری بۆ لێدانەوەی 40 بیری دیکە کە دەکەونە ئەو ناوچانەی رێژەی ئاستی ئاوەکەیان زۆر دابەزیوە، وەکو گەڕەکی 5ـی حەسارۆک و ناحیەکانی کەسنەزان و بنەسڵاوە و دارەتوو."
 
زەردەشت عەبدولخالق ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا 9 ئامێرمان بۆ لێدانەوەی بیرەکان لە کارکردندان و بڕیارە هەندێک ئامێری دیکەشمان پێ بگات بۆ ئەوەی پرۆسەی لێدانەوەی بیرەکان خێراتر بکەین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە