رووداو دیجیتاڵ
داتا و نەخشەی مانگە دەستکردەکان دەریدەخات، با بەشی هەرە زۆری دووکەڵەکەی ئاگری پاڵاوگەکەی سەر رێگەی گوێڕی لە ناوەندی هەولێر دوورخستووەتەوە و هەربۆیە کاریگەرییەکی دەستبەجێی ئەوتۆی نەبووە؛ رادەی پیسیی هەوای پایتەختی هەرێمی کوردستان رۆژی پێش ئاگرەکە 71 لەسەر 500 بووە؛ ئێستا 69 لەسەر 500ـە.
چی روویدا؟
کاژێر 8:30ی شەوی چوارشەممە، پاڵاوگەی نەوتەکە گڕیگرت. 50 هەزار تۆن سووتەمەنی و بەرهەمی جۆراوجۆری نەوت و 50 ئۆتۆمبێل سووتان. لە ئەنجامدا دووکەڵێکی رەش دەوروبەری پاڵاوگەکەی تەنی. زانیاریی سەرەتایی دەڵێت، هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کاربایی پەمپی تانکەرێکی سووتەمەنی هەڵگر بووە.
پاڵاوگەکە بە دووریی 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای هەولێر.
هەوای هەولێر لەو کاتەوە چەند گۆڕاوە؟
پێگەی (IQAir)ی سویسری کە چاودێریی کواڵیتیی هەوای جیهان دەکات، پیشانی دەدات، ئەمڕۆ هەوای هەولێر بە دوو پلە لە رۆژی پێش ئاگرەکە پاکترە.
رۆژی سێشەممە، رادەی پیسیی هەوای شارەکە 71 پلە لەسەر 500 بووە، ئەمڕۆ دابەزیوەتە 69 پلە لەسەر 500.
پێوەری پێگەی IQAir بۆ رادەی پیسیی هەوا لە سفرەوە دەڕوات تا 500. هەواکە چەند پیستربێت، پلەکە بەرزترە.
هەوای هەولێر و ئەوانی دیکەی پلەکەیان لە خوار 100ـە، بە گشتی بە سەلامەت دادەنرێن.
ئاراستەی با چۆن بووە؟
لە 24 کاژێری رابردوودا، واتە لەو کاتەی ئاگرەکە هەبووە، ئاراستەی با لە پارێزگەی هەولێر و ناوچەکە، لە باکووری رۆژئاوا بەرەو رۆژهەڵاتی باشوور بووە، واتە با بەشی هەرە زۆری دووکەڵەکەی بردووەتە ناوچەکانی خوارەوە، لە نێویاندا بۆ ناحیەی دیبەگەی قەزای مەخموور، ناوەندی مەخموور و گوندەکانی دەشتی مەخموور، ئەمە وەک پێگەی Windfinder نیشانیدەدات کە بارەگەی سەرەکیی لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیایە.
پێگەکە کە پشت بە وێنەی مانگە دەستکردەکان دەبەستێت، پێشبینی دەکات تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، ئاراستەی با بەو شێوەیە بمێنێتەوە، بەڵام لە رۆژەوە دووشەممەوە دەگۆڕێت و لە باشووری رۆژئاواوە بەرەو باکووری رۆژهەڵات هەڵدەکات.
زیانەکانی چی بوون؟
14 کەس لەو ئاگرەدا برینداربوون، 50 ئۆتۆمبێل سووتان کە چواریان ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بوون. قەبارەی زیانەکە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان دەگاتە هەشت ملیۆن دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ