بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین: پلانی دروستکردنی حەوت بەنداومان هەیە

13-04-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
سپاردە محەممەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین
سپاردە محەممەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند، "بەهۆی بارانبارینی ئەم ساڵەوە سەرچاوەکانی ئاو لە سنوورەکەمان ژیاونەتەوە و ئاو زۆر بووە." ئاماژە بەوەش دەکات، پلانی دروستکردنی حەوت بەنداویان هەیە.
 
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەو دەڤەرانەیە ژمارەیەکی زۆری کانیاو و سەرچاوەی ئاوی تێدا ژیاونەتەوە. سپاردە محەممەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەمڕۆ شەممە لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژدا بە رووداوی گوت، "ئەم ساڵ لە دەڤەری راپەڕین بڕێکی زۆری باران باریوە و سەرچاوەکانی ئاو کە ساڵانێک بوو کەمیان کردبوو یان وشک ببوون، ژیاونەتەوە. هەروەها ئاستی ئاوی ژێرزەوی و سەر زەوی زیادی کردووە."
 
لەبارەی سوود وەرگرتن لەو بڕە زۆرەی ئاو، سپاردە محەممەد گوتی، "بەهۆی نەبوونی گۆماوەوە ناتواندرێت بە باشی سوود لەو بڕە زۆرەی ئاو وەربگیرێت."
 
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، پلان بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک بەنداو دانراوە، لەنێویاندا بەنداوی دەڵگە لەسەر زێی بچووک لە سنووری قەزای پشدەر. بەنداوەکە بڕیار بۆ دروستکردنی دەرچووە، بەڵام هێشتا دەست بە جێبەجێکردنی نەکراوە.
 
بەرێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین دەڵێت، "ئەو پڕۆژەیە بودجەی زۆری پێویستە و لە توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبوو جێبەجێی بکات؛ بۆیە بڕیارە لەسەر بودجەی عێراق جێبەجێ بکرێت."
 
سپاردە محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا دەست بە دروستکردنی ئەو بەنداوە نەکراوە، "چونکە دیزاینەکەی لەگەڵ تێچووەکەی جیاوازییان هەیە و تێچوویەکی زیاتری دەوێت؛ بۆیە بڕیارە پێداچوونەوە بە دیزاینەکەی بکرێت."
 
جگە لە بەنداوی دەڵگە، کار لەسەر دروستکردنی شەش بەنداوی دیکە لە سنووری راپەڕین دەکرێت، ئەوەش بە مەبەستی گلدانەوەی ئاو.
سپاردە محەممەد دەڵێت، بەنداوەکان بریتین لە بەنداوی نواوە لە ناحیەی بێتواتە، بەنداوی هەڵشۆ، بەنداوی بەلک، بەنداوی پڵنگان و بەنداوی ئیشکەرۆ لە سنووری ناحیەی نێودەشت؛ بەنداوی پاشقۆتڵمان لە سنووری ناحیەی سەرکەپکان.
 
بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین پێشنیازی چەند گۆمێکی دەستکردیشی کردووە. سپاردە محەممەد دەڵێت "تێچووی گۆماو لە بەنداو کەمترە و زەوییەکی کەمتری دەوێت؛ بە هەمان شێوەی بەنداویش سوودی بۆ ئاوی ژێرزەوی و کشتوکاڵ هەیە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "پارە بۆ گۆماوی هەرەوەزی تەرخانکراوە کە بە هاوبەشی لەنێوان حکومەت و هاونیشتمانی جێبەجێ دەکرێت، تێچووەکە لەسەر هەردوولایە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".