وەزارەتی ناوخۆ: بەنزینی حکومی زۆرتر بدرێتە تەکسی و پاسەکان

13-03-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیارێک دەدات لەبارەی دابەشکردنی ئەو بەنزینەی بە نرخی حکومی دابەش دەکرێت، بەپێی بڕیارەکە دەبێت دابەشکردنەکە بەجۆرێک بێت کە تاکسی و پاس و هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی بەنزینی زیاتر وەربگرن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 13-03-2022 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ کۆبوونەوەیەکیان کردووە و بڕیاریان داوە کە ژوورێکی ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە سەرۆکایەتیی پارێزگا دروستبکەن و دەسەڵاتیان پێبدرێت لە دابەشکردنی بەنزین و کۆنترۆڵکردنی نرخی خۆراک و پێداویستییەکان.
 
ژووری ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتی پارێزگا و ئەندامێتیی نوێنەرانی پۆلیس، ئاسایش، کشتوکاڵ، چاودێریی بازرگانی، 
نەوت و کانزاکان، ڤێتێرنەری، تەندروستی، گومرگ پێکدێت.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە دەسەڵات بە ژووری ئۆپەراسیۆن دەدرێت کە دابەشكردنی بەنزین رێکبخات "بە جۆرێک کە دابەشکردنی ئەو بەنزینە بۆ تاکسی و پاس و هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی زیاتر بێت، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی کە رێگری لە گرانبوونی نرخی گواستنەوە بکرێت".
 
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵات بە ژووری ئۆپەراسیۆن دەدات کە ئاسانکاریی زیاتر بۆ هێنانە ژوورەوەی کەلوپەلەکانی خۆراک و بەنزین و سووتەمەنی بە رەچاوکردنی کوالێتیی و رێنوێنییەکان بکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیران وەزیری ناوخۆ و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت راسپارد بۆ چاودێریکردنی بازاڕەکان "لە پێناوی ئەوەی کە رێگە نەدرێت ئەو دۆخە بقۆزرێتەوە و نرخەکان گران بکرێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک حاجیی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەڕێکەوتنیان بۆ مەککە..

وەزیری گواستنەوەی عێراق: تاوەکو 24ـی مانگ سەرجەم عومرەکاران لە سعودیەوە دەگەڕێندرێنەوە

وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە پڕۆسەی هێنانەوەی عومرەکانی هەرێمی کوردستان لە سعودیە پێکهێنراوە و رۆژانە چوار گەشت بۆ ئەو مەبەستە دەبێت و تاوەکو رۆژی سێشەممە هەموویان دەگەڕێندرێنەوە.