رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، دوێنێ بەخشراوێکیان ئاگری بەرداوەتەوە شێڵتەری داڵدەدانی ئافرەتان لە هەولێر و چەند هۆڵێک سووتاون.
رۆژی دووشەممە 12-12-2022، لە کۆنفرانسی رێوڕەسمی (دەستاودەستکردنی رێنوێنیی رێکارەکانی کارکردنی ستاندارد بۆ بەڕێوەبردنی شێڵتەرەکان بۆ رزگاربووانی تووندوتیژیی جێندەری لە عێراق) لە شاری هەولێر، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، لە هەرێمی کوردستان چوار شێڵتەر لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان هەن و بڕیاری دروستکردنی شێڵتەر لە ئیدارەی راپەڕین دراوە، هەوڵیش دەدەن لە ئیدارەکانی سۆران و زاخۆش شێڵتەر بکەنەوە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی، "دوێنێ لە شێڵتەری هەولێرمان چەند هۆڵێک گڕی گرت و کەسەکانمان گواستەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو. هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش کەسێکی بەخشراو بووە کە نەخۆشیی دەروونیی تووندی هەیە و ئاگری بەرداوەتە شێڵتەرەکە. ئێمە چەندین جار بە نووسراو و بە پەیوەندیی تەلەفۆنی داوامان لە ئەنجوومەنی دادوەری کردووە کە دادوەرە بەڕێزەکان ئەم کەیسانە نەنێرن بۆ شێڵتەرەکان، چونکە ئەمانە مەترسین بۆ سەر شێڵتەرەکانمان، بەڵام بەداخەوە ئەوان بەردەوامن لە ناردنی کەیسەکان کە زۆر جار بوونەتە مەترسی و دواجاریش ئەم رووداوە نەخوازراوەی لێکەوتەوە."
کوێستان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، ئەرکی سەر شانیانە پارێزەر بۆ هەموو کەیسەکان دابینبکەن و شیاندنەوەیان بۆ بکەن، دواتریش چاودێریی خێزانەکانیان بکەن کە تووندوتیژییان بەرامبەر نەکرێت؛ گوتیشی، "توانیومانە کێشەی سەتان کەس چارەسەر بکەین و بیانگێڕینەوە نێو خێزانەکانیان. هەندێک کەیسیشمان هەیە چارەسەر نابن، بەو واتایەی خێزانەکانیان لەگەڵ کەسەکان رێکناکەون؛ کەس هەیە شەش بۆ حەوت ساڵ ماوەتەوە لە شێڵتەر و کێشەکەی چارەسەر نەکراوە؛ هەیە کێشەکەی چارەسەر کراوە و خێزانەکەی ئامادە نییە وەری بگرێتەوە. زۆر هەوڵمان دا چەند شوێنێک بۆ ئەم بێلانانە دروستبکەین."
بە گوتەی کوێستان محەممەد، لە سلێمانی زەوی وەرگیراوە بۆ دروستکردنی شوێنێک بۆ بێلانەکان و رێکخراوێکیش لە هەولێر رایگەیاندووە بۆ بێلانەکان لە عەنکاوە جێگەیەک دروست دەکات، لە دهۆکیش هەوڵدەدرێت جێگەیەکیان بۆ دروستبکەن.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوەش کرد کە کارکردنی کارمەندانی شێڵتەرەکان قورسە و "هیچ دەرماڵەیەکی مەترسییان نییە، لە کاتێکدا رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە. دوو جار یەکێک لە بەڕێوەبەری شێڵتەرەکانمان رووبەڕووی مەترسی و دەستدرێژی بووەتەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا کوێستان محەممەد باسی لەوە کرد، ئافرەتیان لایە لەسەر "نامەیەک یان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یان پەیوەندییەکی خۆشەویستی رووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەی کوشتن بووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ