رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری پارێزگاری شرنەخی باکووری کوردستان، کۆنسێرتی هونەرمەندانی کورد لە فێستیڤاڵی هونەری لە جزیرێ قەدەخەکرا.
رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2023، فێستیڤاڵی هونەریی ڤەژین لە شارۆچکەی جزیرێ دەستی بە کارەکانی کرد، بەڵام قایمقامی شارۆچکەکە بە بڕیاری پارێزگاری شرنەخ کۆنسێرتی هونەرمەندانی کورد، کە بەشێک بوو لە بەرنامەکانی فێستیڤاڵەکە، قەدەخەکرد و هۆڵی کۆنسێرتەکەش لەلایەن پۆلیسی شارۆچکەکە داخرا.
فێستیڤاڵە دوو رۆژییەکە لەژێر چاودێری سەندیکای هونەرمەندان و رەنجەدەرانی کەرتی گشتی بەڕێوەدەچوو. دوای بڕیاری قەدەخەکردنی کۆنسێرتەکان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی رێکخرا و تێیدا ژمارەیەک سەندیکا، رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - هەدەپ بەشداربوون و سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کرد.
لە کاتی خوێندنەوەی راگەیێندراوی ناڕەزایەتیی دەستەی رێکخەرانی فێستیڤاڵەکەدا هێزە ئەمنییەکان رێگریان لێکردن و داوای بڵاوەپێکردنیان لێکردن.
موراد ئۆزبەی بەناوی رێکخەرانی فێستیڤاڵەکەوە رایگەیاند، درێژە بە خەبات و تێکۆشانی مەدەنی دەدەن و بەردەوام دەبن لە بەڕێوەبردنی چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان.
ئۆزبەی رەخنەی لە دەسەڵات گرت و رایگەیاند، "دەسەڵات هەرگیز ناتوانێت رێگری لە زمان و شوناسی گەلی کورد بکات. ئەمڕۆ لێرە قەدەخە راگەیێندرا؛ سبەی لە شوێنێکی دیکە ئەنجامی دەدەین."
قەدەخەکردنی ئەو چالاکییە بووە هۆی ئەوەی رێکخەرەکانی بڕیار بدەن چالاکییەکانی دیکەی فیستیڤاڵەکەش رابگرن.
بڕیاربوو لە دوو رۆژی فێستیڤاڵەکەدا چالاکیی شانۆ، فیلم، کۆنسێرتی هونەرمەندان، نمایشی دیجیتاڵی، هەڵپەڕین و چەندین چالاکیی دیکەی جیاواز ئەنجام بدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ