رووداو دیجیتاڵ
بێ مووچەیی، درەنگکەوتنی مووچە و دابەشنەکردنی لەکاتی خۆیدا کە بوونەتە هۆکاری قەرزاری لە بازاڕەکاندا، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر دەروونی هاووڵاتییان دروستکردووە. نانەوایەکیش دەڵێت، فەرمانبەر هەیە نان بە قەرز دەبات تاوەکو مووچەکەی دێت.
ئیدریس خدر 12 ساڵە نانەوایە، لە دووکانەکەیدا بەبێ کڕیار و بێ وزە دانیشتووە و باسی دۆخی خۆی لەگەڵ ئەو کڕیارانەی نان بە قەرز دەبەن یاخود بێ ئارام و توڕەن، دەکات.
ئیدریس خدر دەڵێت، کەسی وا هەیە "دێت نان بە قەرز دەبات کە سەیری دەکەی فەرمانبەرە، دراوسێی خۆمانە یان پێشتر دراوسێمان بووە هەموو رۆژ دێت، شەش رۆژ حەوت رۆژ نان دەبات دوای ئەوە کە مووچەی وەرگرت دێت پارەکەی دەهێنێت، جاری وا هەیە پێنج بۆ شەش کڕیار وەستاون کابرا بەرگە ناگرێت، کاکە یەک خولەک ئارام بگرە، دەڵێت، نا کاکە درەنگمە نا کاکە درەنگمە. یانی خەڵک پشووی نەماوە و زۆر تووڕە بوونە لەگەڵ دۆخەکە."
دەستوور فەرمانبەرە، لە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە تیمی رووداو دەبینێت لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا؛ دێت و قسەیان بۆ دەکات، دەیەوێت هەرچۆنێک بێ بارگرانیی نەهاتن و درەنگ هاتنی مووچە لەسەر مێشک و دەروونی کەمتر بکاتەوە و دەڵێت، "پێش ئەوەی ئەو دۆخە رووبدات جاری وا هەبوو هەر کاتێک بهاتمایەوە ماڵەوە پێداویستییەک هەبووایە لە ماڵێ یەکسەر دەڕۆیشتم، هەستم نەدەکرد کە ماندووم، بەڵام ئێستا بێگومان کە سەیر دەکەی تۆ لە دەرەوەی هیلاک و ماندووی بە کارەکەت دێیەوە ماڵ ئەو داواکارییەی لە ماڵەوە هەیە لە تواناتدا نەبێت، بێگومان کاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤ دەبێت و تووڕەی دەکات و دەمەقاڵێ دروست دەبێت، ئیدی ژیان هەر ئاوایە."
ئەم دوکاندارە بژێوی لەدەستی کڕیارەکانیدایە، ناچارە لەگەڵ هەڵبەز و دابەزی دۆخی دەروونیان، هێمن و نیانتر مامەڵە بکات. رەسەن موئەیەد دەڵێت، "کە پێی دەڵێیت بۆ نموونە ئەمە بە 20 هەزارە وا دەزانێت قسەیەکت پێگوتووە، نازانم چۆنە، خەڵک بە گشتی جەوی باش نییە."
کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونی کوردستان لە هەولێر لەسەر دەروون دروستیی هاووڵاتییان کۆنفرانسێکیان رێکخستووە و دەڵێن "نەخۆشمان لە هەڵکشانە و پاڵنەرەکانیش زۆرن."
دکتۆر محەممەد خۆشناو، پزیشکی دەروونییە لە بارەی دۆخی دەروونیی هاووڵاتییانەوە گوتی، "نەخۆشی سەرەکی کە پێت بڵێم بە بەرچاوم دەیبینم، بەربڵاوترینیان خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، ئاڵوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان، من وایدەبینم لە بەشی پێشەوەی ئەو نەخۆشیانەن کە ئێمە رۆژانە دەینابینین."
دەروونناسان، گەشت، وەرزش، خواردنی تەندروست و سەردانی پزیشک بە چارەسەری گونجاوی گوشارە دەروونییەکان دەبینن، چارەسەرێک کە تووشبووانی دەڵێن ئەو رەچەتەیە بۆ گیرفان پڕانە نەک گیرفانی بەتاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ