رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی دێرسم، دیلۆک و چەولیگی باکووری کوردستان، قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە راگەیێندرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لهلایهن پارێزگای دێرسم بڵاوكراوهتهوه، لە کاژێر 00:01ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکو کاژێر 23:59ی 15ی تشرینی یەکەم، واتە بۆ ماوەی چوار رۆژ، لە ناوەندی شار و شارۆچکەکانی دێرسم هەموو جۆرە گردبوونهوه، خۆپێشاندان، رێپێوان و مانگرتن، ههڵدانی چادر و چالاكییەکی دیکە قهدهخەیە.
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا کە لەلایەن پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە، لە کاژێر 08:00 ی ئەمڕۆ پێنجشەممە تاوەکو کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی هەینی، بۆ ماوەی یەک رۆژ هەموو جۆرە گردبوونهوه، خۆپێشاندان، رێپێوان و مانگرتن، ههڵدانی چادر و چالاكییەکی دیکە لە ناوەندی شار و شارۆچکەکانی پارێزگای دیلۆک قهدهخەیە.
لە باکووری کوردستان سێیەمین بڕیاری قەدەخە لە پارێزگای چەولیگ درا.
پارێزگای چەولیگ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە لەو پارێزگایە لە کاژێر 00:01ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 23:59ی 14ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
لە راگەیێندراوەکانی ئەو سێ پارێزگایەدا هاتووە، "بە مەبەستی پاراستنى بنەما سەرەكييەكانى كۆمار، يەكپارچەيى جيانەكراوهى دەوڵەت و نەتەوە، پێشێلنەکردنی ماف و ئازادیى ئەوانى ديكە، ئاسايشى خەڵك و بەرقەراركردنى ئارامى، رێگرتن لە تاوان، پاراستنى ماف و ئازادیی خەڵك، رێگرتن لە هەر رووداوێكى نەخوازراو، بڕیاری قەدەخەی خۆپیشاندان و گردبوونەوە دراوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکان بێت، بڕیاری قەدەخەکردنەکە ئەو چالاکییە فەرمییانە ناگرێتەوە کە لەلایەن پارێزگار و قایمقامەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدەرێت.
قەدەخەکردنی خۆپێشاندان و گردبوونەوە لە دێرسم، دیلۆک و چەولیگ لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند ساڵێکە بە هۆکاری جۆراوجۆری ئەمنی قەدەخەکردن لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان راگەیێندراوە و ماوەی ئەو قەدەخەکردنانەش بەردەوام درێژدەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ