رووداو دیجیتاڵ
شرۆڤەکارێکی سیاسیی ناسراوی ئێران دەڵێت، ئێران نزیکترین وڵاتە لە کوردی هەرێمی کوردستان و هیچ وڵاتێک تەنانەت عێراق، ئەمریکا و ئیسرائیل بەراورد بە ئێران لێیانەوە نزیک نین. دەشڵێت: "هیوادارن بە هاوکاریی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکانی هەردوولا باشتر بن."
رۆژی پێنجشەممە، 12ی ئەیلوولی 2024، سادق زیبا کەلام، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسیی لە ئێران، لەبارەی سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ ماوەی 20 ساڵ ئەمە یەکێک بووە لە هیوا و خواستەکانم کە پەیوەندی نێوان هەولێر و تاران لە روانگەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بەهێزتر ببێت، چونکە لە روانگەی مێژووییەوە، ناتوانیت هیچ وڵاتێک بدۆزیتەوە نزیکتر بێت لە هەرێمی کوردی عێراق بەراورد بە کۆماری ئیسلامیی ئێران."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئەمە دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆکۆماری ئێران بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا. دواتر، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق چەند کۆبوونەوەیەکی کرد. سەرۆککۆماری ئێران سێ رۆژ لە عێراق دەمێنێتەوە.
سادق زیبا کەلام دەڵێت: "ئێران لە کوردانی عێراق نزیکترە بەراورد بە هەموو وڵاتانی دیکە و تەنانەت عێراق، تورکیا، ئەمریکا و ئیسرائیل، چونکە پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە لەنێوان کوردانی عێراق و ئێران. بەداخەوە کە پێشتر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران زۆر باش و هاوڕێیانە نەبووە. هیوادارم پەیوەندییەکان هاوڕێیانە بن و پەیوەندییەکی بەهێزتر لەنێوان تاران و هەولێر ببینم."
سادق زیبا کەلام، لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، قورسە سەرۆککۆماری ئێران بتوانێت لەسەر ئەو رێچکەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران بەردەوام بێت، چونکە بەشێک لە ئێرانییەکان پێیانوایە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی "کوردانی ئێران" بیر لە جیابوونەوە و سەربەخۆیی بکەنەوە.
گوتیشی: "لە رابردوودا و پێش زیاتر لە 20 ساڵ، هەرێمی کوردستان دروست بوو، بەداخەوە پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران پەیوەندییەکی زۆر هاوڕێیانە نەبوون. هیوادارین کە سەرۆکی نوێی ئێران بە هاوکاری سەرکردە کوردەکانی وەکو بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەڕێز مەسعود بارزانی و سەرکردە کوردەکانی دیکە داهاتوویەکی زۆر باشتر بۆ پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران دروست بکەن بەرارد بەوەی لە رابردوودا هەبووە."
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەی ئەمڕۆدا، باس لە بايهخ و گرنگيى پهيوهندييهكانى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ ئێران و دهوڵهمهنديى كۆمهڵگه فرهئايين و فرهنهتهوهكان كراوە.
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری ئێران "داكۆكييان له ئاشتى، پێكهوهژيان، تهبايى و برايهتيى نێوان گهلانى ناوچهكه و تهواوى پێكهاتهكان كردهوه."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سادق زیبا کەلام:
رووداو: سەردانی یەکەمین سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان چۆن دەبینی؟
سادق زیبا کەلام: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان، زۆر دڵخۆشم کە دکتۆر پزیشکیان، سەرۆکی ئێران هاتووە بۆ هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق. بۆ ماوەی 20 ساڵ ئەمە یەکێک بووە لە هیوا و خواستەکانم کە پەیوەندی نێوان هەولێر و تاران لە روانگەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بەهێزتر بێت، چونکە لە روانگەی مێژووییەوە، ناتوانیت هیچ وڵاتێک بدۆزیتەوە نزیکتر بێت لە هەرێمی کوردیی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئێران لە کوردی عێراق نزیکترە بەراورد بە هەموو وڵاتانی دیکە و تەنانەت عێراق، تورکیا، ئەمریکا و ئیسرائیل، چونکە پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە لەنێوان کوردانی عێراق و ئێران دا. بەداخەوە کە پێشتر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران زۆر باش و هاوڕێیانە نەبووە. هیوادارم پەیوەندییەکان هاوڕێیانە بن و پەیوەندییەکی بەهێزتر لەنێوان تاران و هەولێر ببینم.
رووداو: دکتۆر، گوتت هەمیشە پێم باش بووە کە سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. هۆکارەکەی چییە؟
سادق زیبا کەلام: چونکە ناتوانیت هیچ وڵاتێک لە ناوچەکە بدۆزیتەوە کە نزیکتر بێت لە کوردستانی عێراق. وەکو ئەوەی گوتم، پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان کوردی عێراق و خەڵکی ئێران دا هەیە.
رووداو: بەهێزبوونی پەیوەندیی هەولێر و تاران، چ سوودێکی بە گشتی بۆ کورد و ناوچەکە دەبێت؟
سادق زیبا کەلام: ئەمە روونە کە هەبوونی پەیوەندییەکی گەرمتر و نزیکتر لەنێوان هەولێر و تاران دەبێتە هۆی ئاشتی، سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی ئابووری لە ناوچەکە. هاوئاهەنگی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان سوودە بۆ هەردوولا، هەم کۆماری ئیسلامی ئێران و هەمیش عێراق وەکو وڵات و هەرێمی کوردستانی عێراق."
رووداو: بوونی پەیوەندییەکی باشی نێوان تاران و هەولێر سوودی ئابووری بە ئێران دەگەیێنێت؟ ئەم پەیوەندییە باشە کاریگەری لەسەر ئابووری دەبێت؟
سادق زیبا کەلام: پێموایە سوودەکە هاوبەشە. ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە بوونی پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان تاران و هەولێر تەنیا سوود بە هەولێر و هەرێمی کوردستان ناگەیێنێت، بەڵکو سوود بە ئێرانیش دەگەیێنێت. بۆ نموونە، ئێران لەو رێگەیەوە دەتوانێت خۆی لە سزاکان لابدات و دەتوانێت هەناردەی بۆ عێراق زیاتر بکات. ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای ئێرانی دەتوانن بچنە هەرێمی کوردستان و کار لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و بەرەوپێشبردندا بکەن.
رووداو: دوێنێ سەرۆککۆماری ئێران لە بەغدا و لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا لەگەڵ سەرۆکۆماری عێراق بە زمانی کوردی گفتوگۆیان کرد. بۆچوونت چییە لەسەر ئەمە؟
سادق زیبا کەلام: پێموایە ئەمە سەلمێنەری ئەو خواستەیە کە سەرۆک پزیشکیان بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی نزیکتر لەنێوان خەڵکی ئێران و کوردەکان. بەڕێز پزیشکیان ویستی پشانی بدات کە نەک تەنیا پیشانی کوردەکانی بدات بەڵکو ویستی پیشانی حکومەتی عێراقی بدات کە من قسە بە کوردی دەکەم، ئەمەش واتای ئەوەیە کە کوردستان زۆر گرنگە بۆ ئێران.
رووداو: پێتانوایە سەرۆککۆماری ئێران لەماوەی دەسەڵاتیدا بتوانێت هەندێک لە مافە کولتوورییەکان بە کورد بدات لە ئێران؟
سادق زیبا کەلام: بەڵێ، پێموایە ئەو ویستی ئەوەی هەیە و هیواخوازە پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران زۆر بەهێزتر بکات. دڵنیام کە دەزانیت لە رابردوودا پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران زۆر هاوڕێیانە نەبوون بەهۆی بوونی پەنابەرە کوردەکان لە هەرێمی کوردستان. ئێران چەند جارێک ناڕەزایەتی بە هەولێر داوە کە نابێت رێگە بە کوردانی ئێران بدەن لەنزیک سنوورەکانی ئێران هەبن. چەند رۆژێک پێش ئێستا و پێش ئەوەی پزیشکیان بچێتە عێراق، بەرپرسانی هەولێر و حکومەتی هەولێر داوایان لە پەنابەرە کوردەکان کرد لە سنوورەکانی ئێران دووربکەونەوە. ئەمە نیشانەیەکی زۆر باش و یارمەتیدەر بوو."
رووداو: پەیوەست بە کورد لە ئێران، مەسعود پزیشکیان دەتوانێت چ رۆڵێک ببینێت لە چارەسەرکردن یان باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و حکومەتی ئێران لە چوارچێوەی ئێران دا؟
سادق زیبا کەلام: گرنگترین ناڕەزایەتیی کوردانی ئێران لە شۆڕشی ئیسلامی، واتا 46 ساڵ پێش ئێستا، دەسەڵات و حکومەتی تاران رێگە بە کەسە سیاسی و دیارەکانی کورد نادات پارێزگا کوردەکان بەڕێوەببەن. پێموایە ئەمەش ناڕەزایەتییەکی تەواو لەجێی خۆیدا بووە. بە دانانی کەسێکی سیاسی کورد لە کابینەکەیدا، بەڕێز پزیشکیان پشانیداوە کە حکومەتەکەی هەوڵدەدات سەردەمێکی نوێی لە پەیوەندی لەگەڵ کورد هەبێت.
رووداو: سەبارەت بە زمانی کوردی، ئێستا لە تورکیا وانەیەک هەیە بەناوی بژاردەی زمانی کوردی، کەی لە ئێران خوێندن یان وانەی زمانی کوردی دەبێت؟
سادق زیبا کەلام: بە گوێرەی دەستووری کۆماری ئیسلامی، خوێندن بە زمانی دایک لە ئێران دانیپێدانراوە. هیچ هۆکارێک نابینم کە بۆچی لە مهاباد، سنە و شارە کوردییە گەورەکانی دیکە لە ئێران ناتوانین قوتابخانەمان هەبێت کە بە زمانی کوردی تێیدا بخوێندرێت. دواتر، ئەمە پەیوەندی بە کوردەوە دەبێت کە ئایا منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە فارسییەکان یان کوردییەکان؟ ئەمە مافی کوردە بڕیاربدەن کە منداڵەکانیان بە چ زمانێک بخوێنن، فارسی یان کوردی.
رووداو: باشبوونی پەیوەندییەکانی تاران و هەرێمی کوردستان وایکردووە کە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران باشتر بێت؟
سادق زیبا کەلام: بە دڵنیاییەوە، چونکە ئەگەر پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر سارد بن و بە گومان بن لە یەکدی، ئەمە رێگری لە تاران دەکات پەیوەندییەکی باشتری لەگەڵ بەغدادا هەبێت. لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر گەرموگوڕ بن، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان تاران و بەغدا.
رووداو: دوێنێ لە بەغدا، مەسعود پزیشکیان قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، پەیوەندییە کولتووری، ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەو باشتر دەچن. پێشتر جەنابت و رۆشنبیرانی دیکەی وەکو جەنابتان دەهاتنە هەرێمی کوردستان، پێتانوایە ئەم سەردانەی سەرۆککۆماری ئێران وابکات جارێکی دیکە ئێوەی رۆشنبیران لە ئێرانەوە بێن هەرێمی کوردستان؟
سادق زیبا کەلام: بەڵێ بەڵێ، چونکە بەڕێز پزیشکیان تەنیا پڕوپاگەندە ناکات و جیدییە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستانی عێراق. دڵنیام کە لە داهاتوودا بەرەوپێشچوونی زیاتر، هاوئاهەنگی زیاتر و پرۆژەی هاوبەش، لەوانە پرۆژەی ئابووری، سیاسی و پرۆژەی کۆمەڵایەتی لەنێوان تاران و هەولێردا دەبینین.
رووداو: ئێوە وەکو رۆشنبیران، چۆن هانی سەرۆککۆماری ئێران دەدەن تاوەکو هەنگاوی زیاتر لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بنێت؟
سادق زیبا کەلام: دەتوانین هاوکاربین لە پەیوەندییەکان. رۆشنبیرانی ئێران دەتوانن رۆڵێکی گرنگ لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی تاران و هەولێردا ببینن، چونکە ژمارەیەک ئێرانی هەن کە لە کورد ترساون و پێیانوایە بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران وادەکات بیرۆکەی جیابوونەوە لەنێو کوردەکانی ئێراندا دروست ببێت. ئەمە ئەو خاڵەیە کە رۆشنبیران دەتوانن هاوکاربن و بە هاووڵاتییانی ئێران بڵێن، پێویست ناکات بترسن لەوەی کوردەکان جیابنەوە و کوردانی ئێران ئەو هەوڵە بدەن، پێیان بڵێن ئەمە راست نییە و پێویست ناکات بترسن لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر.
رووداو: دوا پرسیارم، ئەو رێگەیەی کە ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق کە لەبەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانن، پێتانوایە ئەم رێگەیە بەردەوام بێت؟
سادق زیبا کەلام: ئەمە قورسە. لە رابردوودا و پێش زیاتر لە 20 ساڵ، هەرێمی کوردستان دروست بوو، بەداخەوە پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران پەیوەندییەکی زۆر هاوڕێیانە نەبوون. هیوادارین کە سەرۆکی نوێی ئێران بە هاوکاری سەرکردە کوردەکانی وەکو بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەڕێز مەسعود بارزانی و سەرکردە کوردەکانی دیکە داهاتوویەکی زۆر باشتر بۆ پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران دروست بکەن بەرارد بەوەی لە رابردوودا هەبووە.
رووداو: پێتانوایە ئەم رێگەیە بۆ بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی تاران و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت یان ئاستەنگی لەپێشە و ئەستەمە؟
سادق زیبا کەلام: هیوا دەخوازم. بەدڵنیاییەوە، کێشە هەیە، کێشە لە عێراق هەیە، کێشە لە کوردستان هەیە و کێشە لە ئێرانیش هەیە. هەندێک لە ئێرانییە نەتەوەپەرستەکان ترساون و دەترسن لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئێران و هەولێر. پێیانوایە ئەمە وا لە کوردە نەتەوە پەرستەکان دەکات جیابنەوە، بەڵام من دڵنیام، دەتوانین بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵبین، چونکە پێموایە ویستێکی بەهێز لە هەولێر و تاران هەیە بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان هەردوولا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ