رووداو دیجیتاڵ
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە بنکەیەکی بەرگریی شارستانیی سێمێل کەوتەوە. بەرگریی شارستانیی دهۆکیش دەڵێت، "ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و زیانی گیانیی نەبووە."
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئابی 2024 بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە کەرەڤانەیەکی بەرگریی شارستانیی سێمێل کەوتەوە؛ ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و زیانی گیانیی نەبووە."
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک، "تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە زوویی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە؛ کەرەڤانەیەک سووتاوە و نەیانهێشتووە ئاگرەکە تەشەنە بکات. تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نادیارە."
هەر ئەمڕۆ بەرگریی شارستانیی دهۆک رایگەیاند، "کاژێر 07:20 پەیوەندی بە ژووری کۆنترۆڵ کرا و لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەیەک ئاگەدار کراینەوە. لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرانی سێمێل، ئاگر لە کابینەیەکی بەرگریی شارستانیی سێمێل کەوتووەتەوە."
بەرگریی شارستانیی دهۆک دەشڵێت، "بەرگریی شارستانیی سێمێل لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بوو و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد، پێش ئەوەی زیان بە ئۆتۆمبێلەکانی نێو گۆڕەپانەکە بگات و زیانەکان زیاتر ببن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ