رووداو دیجیتاڵ
چوونی خەڵک بۆ چەند ناوچەیەکی پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بۆ 4 رۆژ قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکەش بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای جۆلەمێرگەوە بڵاوکراوەتەوە، چەند ناوچەیەک لە سنووری ئەو پارێزگایە وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ 4 رۆژ چوونی خەڵک بۆیان قەدەخەیە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە کاژێر 09:30 خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی ئاب دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 09:30 خولەکی رۆژی 15ـی ئاب بەردەوام دەبێت.
پارێزگای جۆلەمێرگ رایگەیاندووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گشتی، رێگری لە تاوان، پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون و داوای لە خەڵکیش کرد پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
ماوەیەکە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە؛ زۆرجاریش قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لەو ناوچانە رادەگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ