رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان دوای بارانی بەلێزمە لە دوو گوندی سەر بە شارۆچكەی خوراسان لافاو دروست بوو و ماڵ و زەویییە کشتوکاڵییەکانی خەڵکی زیانیان بەرکەوت، شوانێک دوای ئەوەی ئاو بردی، لە دوایین ساتەکاندا رزگاری بوو.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 11ـی ئاب دوای بارینی بارانێكی بەخۆڕ لە گوندەکانی ئیغدەلی و حاجی خەلیلی ئاو هەستا و چەمەکانی ناوچەکەش رژان و لافاو دروست بوو.
حەیدەر تۆرۆل شوانی گوندی ئیغدەلی، لە کاتی چوونە دەرەوەی لە ماڵەوە ئاو بردی، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا بە هاوکاری براکەی رزگاری بوو و بە مەبەستی چارەسەری گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شارۆچكەی خوراسان.
بەهۆی لافاوەکەوە، ماڵی ئەو شوانە و بەشێک لە ماڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو دوو گوندە ژێرئاوکەوتوون. دوو کەریش بەر ئاوی لافاوەکە رۆیشتن و خنکان.
دیمەنی ساتی لافاوەکە لەلایەن گوندنشینانەوە بە مۆبایل تۆمارکراوە.
کەشناسیی تورکیا بەیانی هەمان رۆژ هۆشداری بارانبارینی لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا دابوو و داوای لە هاونیشتمانی و هاووڵاتیان کردبوو لە ئەگەری دروستبوونی لافاو رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ