مەکتەبی هەڵبژاردنی حیزبەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

12-06-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەی دەزگە و مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت. 
 
رۆژی یەکشەممە، 12-6-2022، هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگادارکراوینەتەوە کە سبەی دووشەممە کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی مەکتەب و دەزگەی هەڵبژاردنی حیزبەکان و پسپۆڕانی هەڵبژاردنەکانیان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، تێیدا باس لە بۆچوونی لایەنەکان لەسەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان دەکرێت و کۆبوونەوەکە دوای کۆبوونەوەکانی پێشتری لایەنەکان دێت لەسەر ئاستی لووتکە بە سەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان." 
 
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ باسکردنی ئەو کێشانەی کە لە یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن هەن. بڕیارە باسی ئەو خاڵانە بکرێت کە هەر لایەنێک وەکو تێبینیی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەیخاتەڕوو."
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی 1-10-2022 بکرێت، مشتومڕی لەنێو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و لەسەر یاسای هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، چەندین بڕگە و ماددەی یاسای هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران و خاڵگەلێکی دیکە لایەنەکان بۆچوونیان جیاوازە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی واژۆكرد و بڕیاریدا رۆژی 1-10-2022 هەڵبژاردن بکرێت. دوای سێ رۆژ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت. 
 
رۆژی 22-5-2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی، یەکگرتووی ئیسلامیی، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی- هەڵەبجە کۆبووەوە و سەرەتای خاوکردنەوەی گرژیی نێوان لایەنەکان بوو.
 
رۆژی 26-5-2022، نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ نوێنەری حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە؛ دواتر رۆژی 9-6-2022،  نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و  هەڵبژاردنی کوردستان تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو. 
 
جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سکرتاریەتی مام جەلال؛ عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان؛ عەلی باپیر، سە‌رۆكی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان؛ هادی عەلی، سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی سەرکردایەتیی یە‌كگرتووی ئیسلامیی کوردستان و محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکە بوون.
 
هەرچەندە دوای کۆبوونەوەکە محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند کە حیزبەکان کۆکبوون لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام تائێستا دواخستنەکەی بەفەرمی رانەگەیێندراوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە