لەگەڵ رەنج؛ شانەدەر زێد 'دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان'

13-05-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە حەوز بەرەوخواری ئێسکەپەیکەری شانەدەر زێد دۆزراوەتەوە و "هەوڵی هێنانەوەی دەدەین." دەشڵێت، ساڵانە 25 تاوەکو 35 تیمی شێونەواری لە کوردستان کار دەکەن. سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسیش لە ئەشکەوتی شانەدەر دەڵێت، دۆزینەوەکان لە ئەشکەوتی شانەدەر ئەوە دەردەخەن کە نیاندەرتاڵەکان "بە ئاگر چێشتیان لێناوە و پێکەوە نانیان خواردووە."  
 
رۆژی یەکشەممە، 12-05-2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە میوانداریی كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان؛ سەلاحەدین باقی، خوێندکاری دکتۆرا لە بواری مێژووی کۆن لە زانکۆی سەڵاحەدین؛ سۆران حەمە رەش، مێژووناس؛ د.زێدان برادۆستی، پسپۆڕی شوێنەوارناسی؛ پڕۆفیسۆر گرەیەم باركەر، سەرۆکی پڕۆژەی پشکنینی ئەشکەوتی شانەدەر و نزیكەی 50 قوتابی بەشی مێژووی زانكۆی سۆران تاوتوێی پڕۆژەی پشکنینی ئەشکەوتی شانەدەر و کەلـەسەری "شانەدەر زێد" کرا.
 
 
بارکەر: نیاندەرتاڵەکان بە ئاگر چێشتیان لێناوە و پێکەوە نانیان خواردووە
 
پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە دۆزینەوەی کەلەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ لە ساڵی 2018دا (شانەدەر زێد) زۆر گرنگە بۆ کوردستان، ئەو بەڵگەفیلمەی لەلایەن بی بی سیی بەریتانی بەرهەمهێنراو لە نێتفلێکس دا بڵاوکرایەوە "وای لە کورد کرد گرنگی کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بۆ دەربکەوێت. کورد ئەویان وەک دایکی خۆیان داناوە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە کە ببینی چۆن (شانەدەر زێد) و نیاندەرتاڵ بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی کورد. پێموایە ئەوە بەشی یەکەمە، چونکە مانای وایە کورد بۆی دەردەکەوێت کە نەک تەنیا (شانەدەر زێد)، بەڵکو ئەشکەوتی شانەدەریش چەندە گرنگە". پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر دەڵێ پێویستە کەیسێک لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ئامادەبکرێت " بۆ یونسکۆ تاوەکو ئەشکەوتەکە ببێتە شوێنێکی کەلەپووریی جیهانی".
 
 
د. ئێما پۆمەرۆی، پسپۆڕی شوێنەوارناسی لە زانکۆی کامبریج و ئەندامی تیمی لێکۆلینەوەو شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ رووداو دا کە 7ی ئەم مانگە بڵاوکرایەوە گوتی، تیمەکەی ئەوان لە ساڵی 2011ـەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندییان پێوەکراو ، لە ساڵی 2014دا لە ئەشکەوتی شانەدەردا دەستیان بە هەڵکۆلین کرد و، دۆزینەوەکەیان لە ساڵی 2016دا پاشماوەکە ببینن و کاسە سەری ژنە نیاندارتاڵەکەیان لە 11-9-2018دا دەرهێنا. 
 
پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)دا ئاشکرای کرد کە "نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هۆشمەند ئەوەی پێی دەڵێین مرۆڤی هاوچەرخ، واتە مرۆڤی هۆشمەندی دێرین، دەبێت بەر یەکدی کەوتبن و یەکدییان دیبێت". 
 
سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر، زانیارییەکی دیکەی زۆر گرنگی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و گوتی: "یەکێک لەو شتانەی لێرە دۆزیمانەوە و دەگمەنە، ئەوەیە بە شۆردنەوەی خۆڵەکە بینیمان کە رووەکی سووتێنراو ماوەتەوە کە خواردوویانە. لە ئەشکەوتی شانەدەردا ئەوەمان دۆزیوەتەوە کە ئەوان ئاگریان کۆنترۆڵکردووە و دانەوێڵە و رووەکیان کۆکردووەتەوە و کردوونیان بە جۆرێک لە هەویر و بەردیان لە ئاگردا گەرم کردووە و ئەو شتانەیان وەک چێشت لێناوە. لە دەوری ئاگرەکە دانیشتوون و پێکەوە نانیان خواردووە. ئەمە دۆزینەوەیەکی نوێی گرنگە، چونکە پێشتر وادەزانرا کە نیاندەرتاڵ کولتوورێکی کەمیان هەبووە، بەڵام ئەوەی لە شانەدەر دەیبینین ئەوەیە کە ئەوان لە دەوری ئاگر کۆبوونەتەوە و پێکەوە نانیان خواردووە، وەک ئەوەی ئێمە دەیکەین."
 
'ساڵانە 25 تاوەکو 35 تیمی شێونەواری لە کوردستان کار دەکەن'
 
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشەکانی شوێنەوار لە دەرەوەی وڵات 224 ساڵە هەن، بەڵام ئەوانەی ئێمە 24 ساڵە هەیە. زانستی شوێنەوار پەیوەندیدارە بە تەواوی زانستەکانی دیکە، پێویستی بە تاقیگەی زۆر پێشکەوتوو هەیە. پیویستی بە زانا و پسپۆڕی جیاجیا هەیە لە سەرجەم بوارەکان.
 
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان گوتی: "شوێنەوارناسانی بیانی داوایان کرد هەموو پێداویستییە لۆجستییەکانمان بۆ دابین بکەن، ئێمەیش بە خۆشحاڵییەوە قبووڵمان کرد. ساڵانە 25 تاوەکو 35 تیمی شێونەواری لە کوردستان کار دەکەن. تاوەکو ئێستا لە 150 پێگەی شوێنەواری کنەوپشکنینمان کردووە."
 
بەپێی کۆمەڵێک یاسای شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان، تیمی شوێنەوارناسان کار دەکەن. بەو مەرجەی هەر تیمێکی شوێنەوارناسی دەبێت نوێنەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوارناسی هەرێمی کوردستانی لەگەل بێت. کەیفی مستەفا دەڵێت: "لە یەکەم بێڵ و پاچی پڕۆژەی هەڵکۆڵینی شانەدەر بەچاودێریی نوێنەری ئێمە بەڕێوەچووە. پسپۆڕی وردمان نییە، بەڵام مەرجی ئێمە بۆ شوێنەوارناسان ئەوەیە کە شوێنەوارناسی ئێمە رابهێنن. هاوکات راپۆرتی سەرەتایی تاوەکو راپۆرتی ساڵانەمان هەبووە. جێماوەکانی بەردی سوان، ئەو پارچە بەردینیانەی بەکاریان هێناون لە ژیانی رۆژانە،  تۆوی گوڵ و تاد... دۆزراونەتەوە و بە مەبەستی تاقیکردنەوە رەوانەی دەرەوە کراون. هەروەها بەپێی پالانیش کەلەسەری زێد کە زەمینەمان بۆ خۆش کرد، دەیگەڕێنینەوە کوردستان. بەشێکی زۆر لەو کەلوپەلانەی کە لەگەڵ شاندەر دۆزراونەتەوە، لای خۆمان پارێزراون. بەڵام هەندێ لەو ئێسکەپەیکەرانەی کە لە بەغدان، لە کاتی ئازادکردنی عێراقدا دزراون."
 
لە ساڵی 2011 حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆفیسۆر گرەیەم بارکەر وەک سەرۆکی پڕۆژە لەگەڵ چەند هاوکارێک لە زانکۆی جۆن موورز لە لیڤەرپوول و زانکۆی بیربێک لە لەندەن، بانگهێشت کرد. ساڵی 2014 دەست بە هەڵکۆڵینی ئەشکەوتی شانەدەر کرا.
 
'شیرین' لەجیاتی شانەدەر زێد 
 
مێژوونووسێک پێی وایە، ناونانی شانەدەر زێد گرنگە و شوێنەوارەکە لە کوردستانە، پێویستە کورد تێیدا بەشدار بێت. 
سۆران حەمەڕەش، مێژوونووس لەو بارەوە دەڵێت: "ناونانەکە بۆ کورد گرنگە؛ پێویستە کوردیش لەگەڵ شوێنەوارناسانی بیانی هاوئاهەنگ بێت و ناونانەکە واتای هەبێت. ناکرێ ناونانەکەی بەبێ بۆچوونی خەڵکی کوردستان بکرێت. ئێمە ئەگەر وا نەکەین کەواتە خاوەنی ئەم خاکە نین. بابەتەکە رەهەندێکی نەتەوەیی هەیە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان روونیکردەوە، ئەو کارەی لەبارەی شاندەر زێدەوە کراوە، بەردەوامیدانە بە کارەکانی رالف سۆلکی و بە چ شێوەیەک ناونراون. کە تیمەکانیش شوێنێک هەڵدەکۆڵن ژمارە دادەنێن؛ زۆر جاریش پیتی ئینگلیزی دادەنێن. دواتر پێشبینی ئەوەمان نەکردووە کە مرۆڤێک بدۆزینەوە و ناوی بنێین چی. 
 
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان دەشڵێت: "ئەگەر من ناوی ئەو مرۆڤەم بنایە لەوانەیە شیرین بوایە، چونکە لە چیای شیرین دۆزراوەتەوە. یان ناوی برادۆست بوایە. پێش ئێمە هەرێمی کوردستان 2300 جێی شوێنەواری هەبووە. ئەو شوێنانە 90٪یان بەعەرەبی ناویان هاتووە. بەڵام دوای دەستبەکاربوونی ئێمە، هەموو ئەوانەمان گۆڕیوە. هاوکات هەر راپۆرتێک کرابێت لە رابردوودا، باکووری عێراقیان بەکارهێناوە. بەڵام ئەم راپۆرتە بۆ یەکەم جار لە سەرانسەری دنیا بە ناوی کوردستان کراوە. تاوەکو ئێستە ناوی کوردستان یەک ملیار جار گەڕانی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی ئەم راپۆرتەوە لەو حەفتەیەدا دوو ملیار جار سێرچ بۆ ناوی کوردستان کراوە."
 
 
لەبارەی ناونانی کەلەسەری شانەدەر زێدەوە، پسپۆڕێکی شوێنەوارناسی دەڵێت، ناونان لە رووی زانستییەوە جیاوازە لەگەڵ ناونان لە رووی کۆمەڵایەتی و میللییەوە. ناونان بە ژمارە و پیت، لە دابەشکردنی چوارگۆشەی کارکردنەوەیە. ئەو شت و کەسەی لە کام چوارگۆشە دەدۆزرێتەوە، بەو چوارگۆشەیە ناودەنرێت. 
 
د. زێدان برادۆستی، پسپۆڕی شوێنەوارناسی گوتی: "دەبوو بەڕێوەبەری پڕۆژەکە پێش بڵاوکردنەوەی لەوێ، هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و پرێس کۆنفرانسێک لە هەرێمی کوردستان بەڕیوە ببرێت وەکوو خاوەنی شوێن و دۆزینەوەکە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا ئێمە گرنگیمان پێنەداوە."
 
ئەو پسپۆڕەی شوێنەوارناسی لەبارەی زاوزێی مرۆڤی نیاندەرتاڵەکانی ئەشکەوتی شاندەر گوتی: "لە دۆزینەوەکانی رالف سۆلکی 10 پەیکەر دزۆراونەتەوە. بەڵام خۆی راستییەکەی 9 ئێسکەپەیکەرە و دانەیەکیان دووگیانە. کەواتە ئەوکاتیش لەنێو مرۆڤە نیاندەرتاڵەکانی ئەشکەوتی شاندەریش ژیان ئاسایی بووە و ئەمە بەڵگەیە."
 
د. زێدان برادۆستی، دەشڵێت: "بەڵام ناوی نیاندەرتاڵ و شانەدەر جیاوازن، نیاندەرتاڵ ناوی ئەشکەوتێکە لە ئەڵمانیا و مرۆڤی لێ دۆزراوە و ناوی لێندرا نیاندەرتاڵ. هەر مرۆڤێکی سەردەمی ئەوان بدۆزرێتەوە نابێت پیی بگوترێت نیاندەرتاڵ؛ هیی ئێمە مرۆڤی شانەدەرییە. چونکە مرۆڤێکی تایبەتە بە ئەشکەوتی شانەدەر و شارستانیەتی کوردستان. واتا هاوسەردەمی نیاندەرتاڵە. پێویستە ئەو هەڵکۆڵینانە بەردەوام ببن و مێژووی کۆنتر بدۆزینەوە لەوەی کە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا لە کوردستاندا، شوێنەوار لە ئاستێکی یەکجار سەرەتاییە، چ لە ئاستی زانستی بێت، چ لە ئاستی کارگێڕی بێت. بەشی شوێنەوار لە هەولێر و سلێمانی لەسەر داخستنە؛ دهۆکیش ژمارەی قوتابییانی زۆر کەمن. کەواتە لە دوو ساڵی داهاتوودا لە زانکۆی سەلاحەدین، تەنیا مامۆستا دەمێنێتەوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان دەڵێت، مۆڵەتی نایاسایی بە تیمی بیانی و نێوخۆیی نادەن. 
 
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان گوتی: "ئەو پلانەی داندراوە لەژێر رۆشنایی یاسای شوێنەوار بووە. بە ژمارە دیار نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا چەندین کەلوپەلی شوێنەوار فرۆشراون. خەڵک لەسەر ئەم بابەتە سزادراون و دوو کەیسیانم بیرە. بەڵام پۆلیسی شوێنەوارمان نییە، لە ساڵی 2012 بڕیاریشی بۆ دەرچوو بەڵام تاوەکو ئێستا کاری پێنەکراوە."
 
پسپۆڕێکی شوێنەوارناسی دەڵێت، داخ بۆ گەڕەکەکانی نێو شاری هەولێر دەخۆم کە لەنێودەچن و نەتواندراوە سوودی لێ ببیندرێت. 
د. زێدان برادۆستی، پسپۆڕی شوێنەوارناسی گوتی: "سنووری موسڵ، بەردەڕەش و قەزای ئاکرێ، کە داعش وێرانی کردوون، سنووری ناوچەی کوردی بوون. دەبوایە شوێنەوارەکان بگەڕێندرێنەوە شارەکان، نیوەی کەلوپەلەکانی نێو مۆزەخانەی موسڵ هیی کوردستان بوون لە ناوچە کوردییەکان. هۆکارێکی گرینگیش بوو کە داعش پارچە گرنگەکانی شوێنەواری دزین."
 
د. زێدان دەشڵێت: "هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای عێراقی دەتوانێت داوا لە ئەمریکا بکات کە شوێنەوارەکان بگەڕێنێتەوە. هاوکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی باڵاترین دەسەڵاتی هەیە لەم وڵاتە، بەپێی یاسا دەتوانێت لە رێگەی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە داوا بکات ئەو وڵاتانەی شوێنەواری کوردی تێدایە بگەڕیندرێنەوە." 
 
خوێندکارێکی دکتۆرا لە بواری مێژووی کۆن لە زانکۆی سەڵاحەدین پێیوایە، دەتوانرێ لە رووی بازرگانییەوە کار لەسەر شوێنەوار بکرێ و سەرنجی گەشتیاری بیانی رابکێشین. هاوکات لایەنی نەتەوە و داهاتی وڵاتیش گرنگن.
 
سەلاحەدین باقی، خوێندکاری دکتۆرا لە بواری مێژووی کۆن لە زانکۆی سەڵاحەدین لەو بارەوە گوتی: "دەکرێ شوێنەوار ببێتە هۆی داهات بۆ وڵات،  مووچەی کارمەندان و پۆلیسی پاراستنی شوێنەواری پێ بدرێت. بۆ هێنانەوەی شوێنەوارەکانیش لە ئەمریکا بەپێی یاسای کۆن نیوە بە نیوە بوو."

 

 
ئەو خوێندکارەی دکتۆرا پێیوایە، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەو دەسەڵاتە فراوانەی هەیەتی، دەتوانیت لەگەل وڵاتان گفتوگۆ بکات و وەڵامی داواکارییەکەی بدرێتەوە. پارچەکانیش لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا و میترۆپۆلیتانیش هەن. هەشت جۆر گوڵ لەنێو ئەشکەوتەکەدا دۆزراوەتەوە. هەموویان لە دەوروبەری ئەشکەوتەکەدا هەن. هەندێ لەو گوڵانە بۆ چارەسەر بەکارهاتووە. کۆمەڵێ بەردیش دۆزراونەتەوە کە هەوڵ دەدرێت پەیوەندی لەنێوان ناوچە دوورەکانیش بدۆزرێتەوە. بۆ نموونە لەنێوان ئەشکەوتی مارتاریک و بێستوون هەن، کەلوپەلی لێ دۆزراوەتەوە.
 
لەبارەی دۆزینەوەی شتی گرنگتر و دۆزینەوەیان سەلاحەدین باقی روونیکردەوە: "شتێکم بیستووە بەڵام وردەکارییەکەی نازانم. دەگوترێت شتی گرنگتر دۆزراونەتەوە و دەشاردرێنەوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان ئاماژەیدا کە پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور ئەرکی ئەوانە. هەر شوێنیکیش شوێنەواری لێ دەرکەوێت، بەپێی یاسا بە شوێنەوار حیساب دەکرێت.
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی كوردستان لەبارەی ئێسکەپەیکەری شانەدەر زێدەوە گوتی: "لە ساڵی ساڵی 1951 بۆ 1961 لە لایەن پڕۆفیسۆرێکی پۆڵەندییەوە لە حەوز بۆ خواری لە نێو ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە. هەرچەند ئەوکات یاسای شوێنەوار و کەلەپوور وابووە کە نیوە بە نیوەبێت، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین لە هەر شوینیکی دنیا بێت دەیهێنینەوە."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."