رووداو دیجیتاڵ
دوای هەشت ساڵ، جارێکی دیکە، لێشاوی بەرزەوەبووی رووباری سیروان بەنداوی دەربەندیخانی سەرڕێژکرد و هاژەی ئاوەکەی لە ناوچە شاخاوییەکەدا دەنگیدایەوە.
دوووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان، سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی کۆکراوەی تێپەڕاند. بۆ نەهێشتنی مەترسی لەسەری، بەشێکی ئاوەکەی بەردرایەوە و ژمارەیەک کەپری گەشتیاریی بەردەمی، ژێرئاوکەوتن.
ئەلەند سەڵاح، خاوەنی شوێنی گەشتیاری دەڵێ "رێژەی ئاوەکە لە پار زۆر زیاترە، ئەم ماوەیە ئەو ئاوە بەردراوەتەوە رەنگە هەندێک زیانی پێگەیاندبین، بەڵام خۆشبەختانە ئەوەندەش نییە بڵێین کە ئیشەکەمان رادەگیرێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، رێژەی بارانبارین لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ لە هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە دووهێندەی هەمان ماوەی پار بووە.
بەنداوی دووکان، گەورەترینی هەرێمی کوردستان، کە توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە نێوەڕاستی نیسان، 6 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی زیاتری تێدابوو بەراورد بە پار.
بەنداوی دهۆکیش بە توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا، سێیەم گەورەترینی هەرێمی کوردستانە، نزیک بوو لەوەی سەرڕێژ بێت.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "ئەمساڵ بارانێکی زۆر باش باری، بەتایبەتی بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو کە گرفتی خراپیی کواڵێتیی ئاوی دروستکردبوو، ئێمە توانیمان لەو شوێنانەی بەنداومان هەن، سوودێکی زۆر لە زیادکردنی سەرچاوەکانی ئاو ببینین و لە بەشی زۆری بەنداوەکانمان ئاوی زۆرمان کۆکردووەتەوە."
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیش پشتڕاستیکردووەتەوە؛ بارانی ئەمساڵ بەنداوەکانی موسڵ، عوزێم و حەمرینیشی پڕکردووەتەوە، هەروەها لافاوەکانی هەرێمی کوردستان و نێوەڕاستی عێراقیش، سەرچاوەی ئاوی زۆنگاوەکانیان بووژاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ