رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی پێیانداوە لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیاسایەی ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ مەسەلەی پاراستنی ئاسایشی خۆراک، هەموو ئەو ماددانەی لەناو پرۆژەیاسایەکە پەسند دەکرێن، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 11-05-2022، بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتمانیی ئاو بەڕێوەچوو و بڕیاردرا 120 بەنداوی گەورە و بچووک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروستبکرێن.
بەگوتەی بێگەرد تاڵەبانی لە چوارچێوەی ئەو پلانەی هەیە بۆ دروستکردنی ئەو 120 پۆند و بەنداوە، جێگەی هەرێمی کوردستانیش کراوەتەوە و ئەوان لەڕێگەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان پلان و پێشنیازی خۆیان بۆ وەزارتی پلاندانانی عێراق ناردووە.
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژە بەوەش دەدات، "دیزاینی کۆمەڵێک بەنداو ئامادەیە، توێژینەوەی لەسەر کراوە، هەموو شتێکی ئامادەیە، لە چوارچێوەی توێژینەوەی ستراتیجی عێراقیدان کە لە رابردوودا بە هاوبەشی کاریان لەسەر کراوە، لەگەڵ کۆمپانیای پاوەر چاین لێکگەیشتنێکیان واژۆکردووە ئەو بەنداوانەی کە ئێمە دیاریمان کردوون بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بە میکانزمێک کە دواتر لە چوارچێوەی رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولادا دیاریدەکرێت، چوار بەنداوی ستراتیجمان بۆ دروست بکەن، کە یەکێکیان لە پارێزگای دهۆکە، یەکێک لە هەولێر، یەکێک لە ئیدارەی راپەڕین و یەکێکیش لە پارێزگای سلێمانی".
رۆژی پێنجشەممە 12-05-2022، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، وەڵامی چەند پرسیارێکی لەسەر هەواڵەکانی حکومەت بۆ دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان لە هەرێمی کوردستان و کاریگەری دروستکردنیان لەسەر وشکەساڵی و هاوئاهەنگیەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان دایەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان
رووداو: وردەکاری زیاتری کۆبوونەوەکە لەسەر چی بوو، پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەوڵانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی دەدرێت لە عێراق، چییە؟
بێگەرد تاڵەبانی: دوێنێ لە بەغدا بووین، کۆبوونەوەیەکی گرنگ هەبوو لەسەر مەسەلەی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەموو عێراق. ئێمەش وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەندامین لەو لیژنە باڵا نیشتمانییەی کە بۆ ئاوە، بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراق. لەوێ تاوتوێی بارودۆخی ئاو کرا لە ئاستی عێراق، رێژەی کەمبوونەوەی ئاستی بارانبارین، گۆڕانکاری لە ئاستی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی، ئاستی ئاوی بەنداوەکان لە هەموو عێراق.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئێمە وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ تێڕوانینی خۆمان خستەڕوو. بێگومان ئەو بارودۆخەی لە رووی وشکەساڵییەوە لە عێراق بوونی هەیە، هەرێمی کوردستانیشی لێ بەدەر نییە، بەداخەوە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو لە ئەنجامی کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین و گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێەوە، رووبەڕووی کەمبوونەوەی هەم ئاوی بەنداوەکان و هەم ئاستی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی بووینەتەوە. تێڕوانینی خۆمان خستەڕوو، زەرەرمەندبوونی بەشێکی زۆری خاوەن ئاژەڵ و جووتیارەکانمان کە لە ئەنجامی دروستبوونی وشکەساڵی لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ناوچەی گەرمیان، بەشێکی دەشتی هەولێر، کە جووتیارەکانمان بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان لەدەستداوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خاوەن ئاژەڵەکانمان ئاژەڵی خۆیان دەفرۆشن و کۆچدەکەن بۆ شارەکان، کاریگەرییەکانیان و چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەیان لە چوارچێوەی ئەو پلانەی عێراق دایدەڕێژێت بۆ تەواوی جووتیاران و خاوەن ئاژەڵەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئاستی کەمبوونەوەی ئاو لە عێراقدا. ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا وەکو هەرێمی کوردستان پێشنیار و سەرنجەکانی خۆمان خستەڕوو.
بە سوپاسەوە جەنابی سەرۆکوەزیران زۆر بە گرنگییەوە لە سەرنج و تێبینییەکانی ئێمەی رووانی و تەنانەت لەناو کۆبوونەوەکە پێی گوتین کە ئەمە بەڵێنە لە منەوە لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیاسایەی کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە و وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەنگی لەسەر بدرێت، کە پارەی بۆ تەرخانکراوە، پرۆژەیەکی "ئانییە" بۆ مەسەلەی پاراستنی ئاسایشی خۆراک، لەو نێوەندەشدا ئاو وەکو رەگەزێکی گرنگ، کشوکاڵیش وەکو سێکتەرێکی دیکە سەرنجی زۆر گەورەی خراوەتە سەر. لەو چوارچێوەیەدا هەموو ئەو ماددانەی لەناو پرۆژەیاسایەکە پەسند دەکرێن لە پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
رووداو: لە کۆبوونەوەکە بڕیاردراوە 120 بەنداو و پۆند لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکرێن، پشکی هەرێمی کوردستان لەو ژمارەیە چەند دەبێت و ئەو بەنداو و پۆندانە لەکوێ دروست دەکرێن؟
بێگەرد تاڵەبانی: ئێمە لە چەند ساڵی رابردوو لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لیژنەی هاوبەشمان هەبووە، نوێنەرایەتیمان هەبووە لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەی کە ئەنجامدراوە لە عێراق. پەیوەندییەکی باش و تۆکمەمان هەیە لەگەڵ یەکدی، بۆ ئەو مەبەستە توێژینەوەی ستراتیجی هەیە لە رووی دروستکردنی بەنداو و پۆند، تەنانەت پرۆژەی ئاودێریش لە ئاستی عێراق. بۆ ئەو مەبەستە ئێمە سەرنج و تێبینییەکانی خۆمان خستەڕوو، لە هەمان کاتیشدا لە چوارچێوەی ئەو توێژینەوە ستراتیجییەی لە عێراق ئەنجامدراوە بۆ دروستکردنی 120 پۆند و بەنداوی بچووک، لەو قۆناخەدا بەپێی ئەو پارە تەرخانکراوەی کە عێراق تەرخانی دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەو بەنداوانە و هەندێک بەنداوی گەورەشی تێدایە، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە ئێستا پرۆپۆزەلی تەواوەتی پێنج بەنداوی گەورەمان ئاراستەی عێراق کردووە بۆ ئەوەی ئەو بەنداوانە بخرێنە چوارچێوەی ئەو پلانە ستراتیجییە و ئەو توێژینەوە ستراتیجیەی کە ئەنجامدراوە.
بۆ حاڵەتی ئانیی عێراق بە مەبەستی گلدانەوەی ئاو، بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا عێراق دووچاری کێشەی گەورە نەبێتەوە لە ئاستی کۆگاکردنی ئاو، هەرێمی کوردستانیش لەو نێوەندەدا کە بەشێکی زۆری سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان یان ئەو بەنداوانەی بوونەتە کۆگاکردنی ئاو بە تایبەتی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و دهۆکیش، بەڵام دوکان و دەربەندیخان زیاتر ئاوەکەیان دەچێتە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بەنداوی دیکە بە مەبەستی کۆگاکردنی ئاو نەک بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزە بە تەنیا دروست بکەین، پێشنیازی خۆمان خستووەتەڕوو. لەو نێوەندەدا هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی ئەو پلانەی کە 120 پۆند و بەنداوی بچووک و گەورەیە، بەڵێ جێگەی کراوەتەوە، لە چوارچێوەی توێژینەوە ستراتیجیەکەیە، ئێمە لەڕێگەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان پلان و پێشنیازی خۆمان بۆ وەزارتی پلاندانانی عێراق ناردووە، لە پەرلەمانی عێراقیش لە دوو رۆژی رابردوو ئەو پلانە گفتوگۆی لەسەر کراوە، دوێنێش لە کۆبوونەوەکەدا باسی لێوەکرا، بڕیاردا پارەی بۆ تەرخان بکرێت، لەو چوارچێوەیە هەرێمی کورستانیش دەگرێتەوە.
رووداو: هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکوێ گەیشتوون؟ کە لە ماوەی رابردوودا بڕیاری دروستکردنی چەند بەنداوێکی دابوو.
بێگەرد تاڵەبانی: لەسەر ئەو مەلەفەش کاری جیددیمان کردووە، هەر ئەوەش بوو توانیمان لە چوارچێوەی دووبارە توێژینەوەی ستراتیجی عێراق، واتە دیزاینی کۆمەڵێک بەنداو ئامادەیە، توێژینەوەی لەسەر کراوە، هەموو شتێکی ئامادەیە، لە چوارچێوەی توێژینەوەی ستراتیجی عێراقیدان کە لە رابردوودا بە هاوبەشی کاریان لەسەر کراوە. ئێمە ئەو بەنداوانەمان راگەیاندن بۆ ئەوەی لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە بە PPP کاریان لەسەر بکەین، بەڵام لە دواتردا لەڕێگەی جەنابی سەرۆکوەزیرانەوە ئاگادار کراینەوە کە کۆمپانیایەک دەتوانێت هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات بە دروستکردنی چوار بەنداوی ستراتیجی لە هەرێمی کوردستان، ئێمە ئێستا لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە لێکگەیشتنێکمان واژۆکردووە، کە کۆمپانیای پاوەر چاین-ـەیە، ئەو کۆمپانیایە لە ئاستی عێراقیش کاردەکات. ئەو بەنداوانەی کە ئێمە دیاریمان کردوون بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بە میکانزمێک کە دواتر لە چوارچێوەی رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولادا دیاریدەکرێت، چوار بەنداوی ستراتیجمان بۆ دروست بکەن، یەکێکیان لە پارێزگای دهۆک، یەکێک لە هەولێر، یەکێک لە ئیدارەی راپەڕین، یەکێکیش لە پارێزگای سلێمانی.
رووداو: بەرهەمی ئەو هەوڵانە لە هەرێمی کوردستان کەی دەبیندرێن؟ بەو پێیەی ساڵ بە ساڵ وشکەساڵی زیاتر مەترسیی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
بێگەرد تاڵەبانی: لەوانەیە زۆرجار هاونیشتمانییانی بەڕێزیش ئەو پرسیارە ئاراستەی ئێمە دەکەنەوە، کە ئێوە ئەو هەموو هەوڵە دەخەنەگەڕ ئەی کوا ئەنجامەکەی؟ مەسەلەی دروستکردنی بەنداو شتێک نییە راستەخۆ جێبەجێ بکرێت، دروستکردنی هەر بەنداوێک جگە لەوەی لە رووی دیزاینی ئەندازەیی و شێوازی دروستکردنی بەنداوەکە، توانایی ئەو بەنداوە لە رووی گلدانەوەی ئاو، بەرهەمهێنانی کارەبا، هەموو ئەوانە توێژینەوەی وردی پێویستە، ئێمە هەموو ئەوانەمان ئامادەیە، ماوەتەوە سەر ئەوەی ئێمە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە 4 بەنداوە ستراتیجیەکە بڕیاروایە گرێبەستی لەگەڵ بکەین بۆ ئەوەی دروستی بکات، ئەوانیش لەوانەیە ستافی ئەندازیاری خۆیانیان هەیە، شوێنی بەنداوەکە، چۆنیەتی دروستکردنی بەنداوەکە، جۆری دروستکردنی بەنداوەکە، توانایی گلدانەوەی، هەموو ئەوانە دەبێت بە یەکەوە ستافی هەردوولا بڕیاری لەسەر بدات، ئەوکاتە پێویست دەکات بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران لیژنەیەکی باڵامان هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران کە ئێمەش تێیدا ئەندامین بڕیاری لەسەر بدات بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
بۆیە دروستکردنی بەنداو، بۆ نموونە ئێستا ئەگەر ئێمە بەردی بناخەکەشی بۆ دابنێین، چەند ساڵێکی دەوێ تاوەکو تەواو دەبێت، هیچ بەنداوێک بە مانگێک و دوو مانگ تەواو نابێت، بەڵام ئێمە توێژینەوەی خۆمانمان بە وردی کردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژکاری وەزارەتمان لە دوو هەفتەی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکان لەسەر خەزنکردنی ئاو لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو بەنداوانەی کە هەن لە هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی ئامادەکردبوو، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو کە راپۆرتەکەشی بڵاوکراوەتەوە، راپۆرتێکی زۆر وردیان شار بە شار، ناوچە بە ناوچە، گوند بە گوندی هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە. بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان ئێستا خەریکی ئامادەکردنی دوایەمین درافتی راپۆرتێکن لەسەر کایگەرییەکانی کەمبوونەوەی رێژەی ئاوو وشکەساڵی لەسەر بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و زەرەرمەندبوونی ئەو جووتیارانەی کە لەو نێوەندەدا بەربوومەکانیان لەدەستداوە، بۆ ئەوەی هەمووی بە داتا وەربگرین، هەرسێ راپۆرتەکەمان ئامادەیە، بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی دەنێرین، لەو نێوەندەدا ئێمە لە ساڵی رابردووشدا بە سوپاسەوە کۆمەڵێک پارەی بۆ تەرخانکراوە کە پێویستە وەزارەتی دارایی لەگەڵ ئێمە لەسەر هێڵ بێت بۆ دابینکردنی تێچووە تەرخانکراوەکە کە ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە، بۆ نموونە 25 بۆند لە ئاستی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دراوە، بڕیارەکە لە وەزارەتی داراییە ئێمە چاوەڕێین پارە تەرخانکراوەکەمان بۆ خەرج بکرێت، هەروەها چەندین پرۆهەی ئاودێری لە ناوچە جیاوازەکان فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ دەرچووە، دووبارە چاوەڕێی تەرخانکردنی پارەکەین لە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی پارەیان بۆ تەرخان بکرێت و بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئێستا پرۆژەیەکمان ئامادەیە، یان پێشنیازێکە کە داوا دەکەین جەنابی سەرۆکوەزیران دەسەڵات بداتە وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانەوێت پرۆژەی ئاودێری گەورە بە سیستەمی پێشکەوتوو بە تایبەتی بۆ ئەو گوندانەی دەکەونە سەر زێ و رووبارەکان ئەنجام بدەین. بۆ ئەوەی میکانزمی تازە بۆ بەکارهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا پیادە بکەین کە هەم جووتیارەکانمان سوودمەند دەبن، هەم رێژەی بە بەفیڕۆچوونی ئاو کەمبکەینەوە.
وەکو گوتم هەموو ئەو پرۆژانە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کە پرۆژەی گەورە و گرنگن و کاریان لەسەرکراوە.
رووداو: مەترسیی وشکەساڵی و بە بیابانبوون بە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە کاریگەرییەکەی چەند دەبێت؟
بێگەرد تاڵەبانی: مەترسیی بە بیابان بوون تەنیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان نییە، بەشێکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە. ئەمە یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان، بەڵام ئێمە دەبێت پلانمان هەبێت بۆ ئەوەی کاریگەری بە بیابانبوون لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کەمبکەینەوە. هەر بۆیەش ئەو لیژنە باڵایەی کە لە ئاستی عێراق کاردەکات، خەڵکی شارەزاو تەکنیکی تێدایە بۆ ئەوەی مەترسییەکان و رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە گەردوونییە کەمبکینەوە، بۆ ئەوەی وا بکەین هەم دێهاتەکانی خۆمان پارێزراو بن، هەم بتوانین ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی و بابەتی ئاژەڵداریش دەستەبەر بکەین. بە دڵنیاییەوە پلانی خۆمانمان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە تەنیا بە پلانی حکومەت ناکرێت، پێویستی بە رۆشنبیرییەکی گشتی هەیە لەلایەن جووتیاران و هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، جا چ لە بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوە بێت، ئەو ئاوەی کە لە ماڵان بەکاردەهێندرێت تاوەکو دەگاتە ئەوەی کە کشتوکاڵی پێدەکرێت و لە بواری ئاژەڵداریدا بەکاردەهێندرێت، هەموومان پێویستمان بەوەیە پارێزگاری لە ئاو بکەین، ئاو بە شێوازێک بەکاربهێنین کە کەمترین بەفیڕۆدان و بە هەدەردانی تێدابێت، هەنگاوەکان دەستە جەمعین هەر بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە بڕیارمانداوە لەگەڵ فەرمانگەی میدیاو زانیاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی میدیایی باش لەسەر مەسەلەی شێوازی بەکارهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین.
رووداو: دوێنێ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراقیش کۆبوونەوە، لە ماوەی رابردوودا کێشەیەک هەبوو، هەرچەند هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرا چارەسەر دەبوو، دیسان دووبارە دەبوویەوە. بابەتی هەناردەکردنی بەروبوومەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق چارەسەر بووە؟
بێگەرد تاڵەبانی: بۆ یەکەمجارە لە ئاستی عێراق ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە یەک رۆزنامەی کشتوکاڵیمان هەبێت پێکەوە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەوەش لەسەر هەوڵەکانی ئێمە بووە، بەڵام ئێمە پێمان باشبووە بۆ ئەوەی هەموو ئاستەنگەکان کە لە رابردوودا لەبەردەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و خاوەن پرۆژەکانی هەرێم دروست دەکرێت تێپەڕێنین، پێمان باشبووە ئێمە یەک رۆزنامەی کشتوکاڵی یەکگرتوومان هەبێت. بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستکرا، ئێمەو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بەڵام ئێمە خۆمان پێشنیارمان کرد وەکو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کە لیژنەکەی ئێرە بە تەنیا وەزارەتی کشتوکاڵ نەبێت. چونکە بە راشکاوانە بڵێم ئێمە بڕیارێک دەدەین کۆمەڵێک وەزارەتی دیکە دەبێت لەگەڵ ئێمە پابەندیێتیان هەبێت لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، بەڵام زۆرجار دژبەیەکی بەرژەوەندی وەزارەتەکان گرفتی لەبەردەمی بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دروستکردووە. بۆ نموونە من بەرهەمێک قەدەخە دەکەم بۆ ئەوەی پاڵپشتی جووتیارەکانی خۆمان یان خاوەن پرۆژەکان بکەم، لەوانەیە وەزارەتێکی دیکە بۆ نموونە لە رووی بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی سەیر بکات، قەدەخەکردنی ئەو بەرهەمە دەبێت هۆی کەمبوونەوەی داهات. ئەو لەوانەیە رایەکی جیاوازی لەگەڵ من هەبێت، ئەمە وادەکات دژبەیەکی دروست ببێت لەگەڵ یەکدیدا.
رووداو: ئەم بەریەکەوتنی بەرژەوەندییەتان رەنگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانی بێت.
بێگەرد تاڵەبانی: بەڵێ لەگەڵ ئەو وەزارەتانە هەمانە، بۆیە ئێمە داوامانکرد ئەمجارە لیژنەکە لە ئاستی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی وەزیران بچێتە بەغدا، بەیەکەوە چوونە بەغدا، وەزارەتی کشتوکاڵ بوو، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی وەزیران بوو، چوونە بەغدا دیارە لەوێ گفتگۆی زۆر لەسەر ئەو بابەتانە کراوە، گەیشتووینەتە میکانزمێکی هاوبەش لە بەڕێوەبردنی رۆزنامەی کشتوکاڵی بە یەکەوە، لەسەر یەک-دوو خاڵ ناکۆکی هەبووە، لە چەند رۆژی رابردوو دووبارە ئەو لیژنەیەی ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆکایەتی دەکرد چوونەوە بەغدا، لەسەر دوو بابەت بووە، بابەتی مریشک و هێلکە کە ئێمە رێژەیەکی زۆر ساڵانە بەرهەمی مریشکی دەواجنەکانمان هەیە دەچێتە ناو بازاڕەکانی خۆمان و هێلکە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا زیاد لە پێویستی بازاڕی خۆمانمان هەیە، زۆرینەی ئەو پرۆژانەی لە سێکتەری دەواجنن بە هەموو بوارەکانییەوە بە خۆشحاڵییەوە لە کابینەی نۆیەم زۆر زیادیکردووە، هەم بەرهەمهێنان زیادیکردووە هەم دامەزراندنی پرۆژەکان زیادیان کردووە. ئەمە وایکردووە ئێستا لە بازاڕی خۆمان زیاترمان هەیە.
دوێنێ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە یەکەوە دەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیەمان گفتوگۆ کرد کە لە چەند رۆژی رابردوو ئەنجامیداوە، لەنێوان ئێمە و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق جیاوازییەک نییە لەسەر پاڵپشتیکردنی پرۆژە ناوخۆییەکان، بەڵام ئەوانیش لەوێ وەکو ئێمە گیرۆدەی کۆمەڵێک وەزارەتی دیکەن کە ئەوانیش دیارە بە شێوازێکی دیکە بیر دەکەنەوە، بۆیە ئێستا کۆنووسێک ئامادەکراوە وا پێویست دەکات لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر بدرێت، پێموایە بۆ هەفتەی داهاتوو ئەمە پەسند بکرێت. ئێمە چاوەڕێی ئەو بڕیارەین، چونکە بابەتی مریشک و هێلکە بە بڕیارێکی فیدراڵی مامەڵەی لەگەڵ کراوە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، بێگومان ئەگەر ئەوە پەسند بکرێت گرفتی رۆیشتنی بەرهەممان نامێنێت بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هەموو ئەو داواکاریانەشی کە عێراق داوایکردووە ئێمە ئامادەی جێبەجێکردنین بۆ ئەوەی ئەوپەڕی کارئاسانی بۆ خاوەنی پرۆژەکانی خۆمان بکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ