رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 60 رۆژە کوردانی عەرەفە خێوەتی مانگرتنیان لەدژی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی خانووەکانیان هەڵداوە، هاونیشتمانییەک لەنێو خێوەتەکەوە دەڵێ "زۆر بێهیوا بووین، بەڕاستی ئەگەر پارێزگارێکی کوردمان هەبووایە، بەمشێوەیە نەدەهاتنە سەرمان کە لەماڵی خۆمان دانیشتبووین."
مانگرتووانی گەڕەکی عەرەفە چاویان لە پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگا و وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگارە لەلایەن کوردەوە، ئومێدیان بەوەیە چارەسەری کێشەکانیان بە کۆدەنگیی کورد لەم پرسە دا بەدیبێت، بەڵام نیگەران و توڕەشن لە هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان.
هاونیشتمانییەک بەناوی سەباح قادر، کە مانگرتووی گەڕەکی عەرەفەیە دەڵێ "بێئومێد بووین، هەموو ئەو خەڵکە بێئومێد بوون، دوو مانگە دانیشتوون، بۆچی یەکناگرنەوە؟'' سەباح باسی لایەنە کوردییەکان دەکات لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و دەستپێکردنی گفتوگۆکان بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگاری نوێ.
بەربەستەکان گەورە و زۆرن لەبەردەم رێککەوتنی لایەنەکان بەو ئامانجەی درێژە بەو دۆخەی ئێستا بدرێت. کوردانی کەرکووک کە بەدەست دەیان کێشەوە دەناڵێنن، بەپەرۆشییەوە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا کرد، بەئومێدی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئێستا لە چاوەڕوانیی پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگان، بەڵام بەرلەوەی چاویان لەسەر دانوستاندنی پێکهاتەکان بێت، چاویان لەسەر رێککەوتنی کوردی کوردییە بۆ ئەو پرسە.
رووداو، زانیویەتی بەشێک لە سەرکردە عێراقییەکان بەتایبەت هەریەک لە فالح فەیاز و خەزعەلی، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەستوەردانیان لە دانوستاندنی لایەنەکانی کەرکووک کردووە.
سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی دانوستاندن لەلایەن سودانییەوە بەو ئامانجەیە پرسی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک بگاتە ئەنجام.
یەکێتی کە چاوی بڕیوەتە پۆستی پارێزگار پێداگرە لەسەر هەڵوێستی خۆی، بەڵام نیگەرانن لە دەستوەردانی گەورەی وڵاتانیش.
رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی دەڵێ "پێموایە پرۆسەی (پێکهێنانی) حکومەتی خۆجێی کەرکووک پرۆسەیەکی گرنگە، چونکە چاوی وڵاتانی دراوسێی زۆر لەسەرە و زۆر خەڵک لە دەرەوەی کەرکووک و لەدەرەوەی عێراق کاریگەرییان لەسەر ئەم بابەتە هەیە."
هەروەها دەڵێ "دەبێ لەسەرخۆ ئەم حکومەتە پێکبهێندرێت، هەر بڕیارێک لە دەرەوەی ئەم وڵاتەوە بدرێت، خراپە. هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی خزمەت بە دانیشتووانی کەرکووک دەکات."
بەپێی زانیاریی تایبەت کە دەست رووداو کەوتووە، مۆڵەتە دوو هەفتەییەکەی سوودانی هیچی لە داواکاریی لایەنەکان نەگۆڕیوە و، بڕیاریشە بەر لە کۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ سوودانی، یەکێتی و پارتی بەیەکەوە کۆببنەوە.
حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ "پێکهاتەی شاری کەرکووک جیاوازە لە ناوچەکانی دیکە لەرووی نەتەوەیی و ئایینی، کە فرەنەتەوە و فرەمەزهەبە. پێکهێنانی حکومەتی ناوخۆیی لەدۆخێکی وادا کاتی دەوێت و دەخوازین هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران ئاسانی بکات و ببێتە هۆی لێکدی نزیکبوونەوەی لایەنەکان."
ئەگەرچی کارەکانی ئیدارەی پارێزگا ئێستا بریتییە لە راییکردنی رۆتینی رۆژانە، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا راکان جبووری هەنگاوێکی بەو ئامانجەنا، کە پڕۆژە بودجەی 2024ـی پارێزگا ئامادەبکات، بەڵام هەرزوو سەرجەم فراکسیۆنەکان بەتوندی لەدژی وەستانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ