سەعدی پیرە: یەکێتی سبەی ناوی بەربژێرانی رادەستی کۆمیسیۆن دەکات

27-03-2024
بەختیار قادر
بەختیار قادر
جومانە غەلاى: 28ـی ئادار، دوا وادەیە بۆ رادەستکردنى لیستى بەربژێرانى پارت و هاوپەیمانێیتییە سیاسییەکان و لیستى تاکەکەسی
جومانە غەلاى: 28ـی ئادار، دوا وادەیە بۆ رادەستکردنى لیستى بەربژێرانى پارت و هاوپەیمانێیتییە سیاسییەکان و لیستى تاکەکەسی
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی پێنجشەممە (28-3-2024) دوا وادەی پێشکەشکردنی ناوی بەربژێرانە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. بەڵام جگە لە دوو ‌حیزب و دوو هاوپەیمانیێتی و 45 بەربژێری سەربەخۆ، هیچ لایەنێکی دیکە ناوی بەربژيرانیان بە کۆمسیۆن نەداوە.
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بە رووداوی گوت "کۆتایی دەوامى فەرمیی رۆژى 28ـی ئادار، دوا وادەیە بۆ رادەستکردنى لیستى بەربژێرانى پارت و هاوپەیمانێیتییە سیاسییەکان و لیستى تاکەکەسی، بۆ دووەمجار کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن جەختى لەسەر ئەوە کردەوە؛ ئەو وادەیە دوا دەرفەتە و درێژناکرێتەوە و گۆڕانکارى تێدا ناکرێت".
 
جومانە غەلای هەروەها دەڵێ تائێستا لە کۆمیسیۆن "دوو هاوپەیمانیێتى تۆمارکراون کە بەربژێرانى خۆیان لە هەولێر، سلێمانى، دهۆک و هەڵەبجە پێشکێش کردووە، بۆ پارتە سیاسییەکانیش دوو پارت لە سلێمانى و هەڵەبجە لیستى بەربژێرانیان رادەست کردووە، وەک بەربژێرى تاکیش لە هەولێر 12 کەس ناوى خۆیان وەک بەربژێر تۆمارکردووە، لە سلێمانى 20 بەربژێر و لە دهۆک 13 بەربژێر."
 
لە کاتی تۆمارکردنی ناوی حیزب و هاوپەیمانیێتییەکان، 36 حیزبی سیاسی هەرێمی کوردستان ناوی خۆیان لە کۆمسیۆن تۆمارکرد، رووداو زانیویەتی سبەی (پێنجشەممە) زۆربەی لایەنە سیاسییەکان ناوی بەربژيرانیان دەدەنە ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان، یەکێتی لیستی بەربژيرانی یەکلایی کردووەتەوە و سبەی بۆ هەر چوار بازنەکە ناوەکانی دەداتە کۆمسیۆن.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە رووداوی گوت "سبەی یەکێتی ناوی بەربژێرانی رادەستی کۆمیسیۆن دەکات." و چاوەڕێ دەکەن هەموو حیزبەکانی دیکەش هەمان کار بکەن، "چونکە ئێمە بە هەڵبژاردن دەتوانین قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزین و بەهێزی بکەین، بێگومان ئەو بڕیارانەشی لە بارەی هەڵبژاردنەوە دراون، بڕیاری دادگای فیدراڵین و دەبێت جێبەجێیان بکەن."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە کۆمیسیۆن کرد رەچاوی ئەو دەنگدەرانە بکات کێشەی پەنجەمۆریان هەیە و کارمەندی تەکنیکی بە نوێنەرایەتی کورد بەشدار بن، لە وەڵامدا کۆمیسیۆن بڕیاریدا 5٪ـی ئەو دەنگدەرانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەیە، بتوانن دەنگبدەن، هەروەها دوو ئەندامی کورد بۆ لیژنەی ناوەندی تەکنیکی دەستنیشانکراون. 
 
پێشتریش، لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو دادوەری کورد کرانە ئەندامی دەستەی چاوخشاندنەوە بە تانە و سکاڵاکان. رووداو زانیویەتی، لە دوای گۆڕانکارییەکانی کۆمیسیۆن، خواستی پارتی دیموکراتی کوردستانە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات، لە ماوەی 24 کاژێری داهاتووشدا بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەرباز کۆسرەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان قسە دەکات

دەرباز کۆسرەت رەسووڵ: بۆ پێکهێنانی حکومەت لێکتێگەیشتنی باش هەیە

لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی دەڵێت، دوای سەری ساڵ لیژنە هاوبەشەکەی نێوان یەکێتی و پارتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دەکات''، گوتیشی بۆ پێکهێنانی حکومەت، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوو حیزبەکەدا هەیە.