رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، رۆژانە نزیکەی حەوت هەزار گەشتیار بەبۆنەی جەژنی کریسمس و سەری ساڵی زایینی، سەردانی پارێزگاکەیان کردووە. گوتیشی، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا گەشتیاری زیاتر روو لە شارەکە بکەن.
چوارشەممە (25-12-2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە عەنکاوە رایگەیاند، ''عەنکاوەی خۆشەویست بووەتە پایتەختی کریستیانەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان و لێرە دەگیرسێنەوە. وێڕای پیرۆزبایی جەژنی کریسمس، جەخت لە بنەما سەرەکییەکانی حکومەت بۆ پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردن دەکەینەوە.''
ئومێد خۆشناو گوتی، بەبۆنەی کریسمسەوە هیچ ئاهەنگێکی فەرمی لە هەولێر بەڕێوەناچێت، ''بەڵام دامەزراوە حکومی و ئەمنییەکان، رێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆ هاتنی گەشتیاران. تیمەکانی گەشتوگوزاریش لەگەڵ ئاسایش، بۆ پێشوازی لە گەشتیاران لە بازگەکاندا ئامادە دەبن.''
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، ساڵانی رابردوو، لەدوای 25ـی کانوونی یەکەمەوە، گەشتیارانی پشووی کریسمس و سەری ساڵی زایینی روویان لە هەولێر دەکرد، ''بەڵام بەخۆشییەوە ئەم ساڵ، هاتنیان بەر لە 20ـی مانگ دەستیپێکردووە.''
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە 5 بۆ 7 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێر دەکەن، ''بەڵام دڵنیام لە بەیانییەوە ژمارەیان زۆر زیاتر دەبێت. دوای کۆتاییهاتنی ئاهەنگەکانیش، ژمارەی گشتیی گەشتیاران لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزارەوە بڵاودەکرێتەوە.''
ساڵانە بۆ پشووەکانی کریسمس و سەری ساڵی زایینی گەشتیاری زۆر روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن. 23ـی کانوونی یەکەم، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، چاوەڕوانن لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ