رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، "ئەو ئەندامەی کۆمەڵی دادگەری کە لە پەرلەمان سوێندی یاسایی خوارد [هێرۆ عەتار]، لای ئێمە دەرکراوە و گەڕاندنەوەی نییە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی 12ی 2024، عەبدولستار مەجید بە رووداوی گوت: "حیزبیبوون گرێبەستێکی دوولایەنەیە، بەپێی ئەو گرێبەستەی ئێمە لەگەڵ کەسەکەی دەکەین، پێویستە پێوەی پابەند بێت، بەڵام ئەو خاتوونە گرێبەستەکەی نێوان خۆی و کۆمەڵی دادگەری شکاندووە".
رۆژی 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و محەممەد سلێمان وەکو بەتەمەنترین پەرلەمانتار سوێندی یاسایی خوارد و دانیشتنەکەی بەڕێوە برد.
هەمان رۆژ، هێرۆ عەتار حەمە رەشید، بەربژێری دەرچووی کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی سلێمانی سوێندی یاسایی خوارد؛ ئەوەش لە کاتێکدابوو حیزبەکەی بڕیاریداوە، بەشداریی ئەم خولەی پەرلەمان نەکەن.
پاش سوێندخواردنی هێرۆ عەتار، ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئێمە بەشداریی پەرلەمان ناکەین و هەر بەربژێرێکی لیستی کۆمەڵ پابەند نەبێ ئەوا لە ریزەکانی کۆمەڵ دەردەکرێت. بۆیە ئەمڕۆ بەهۆی بەشداریکردنی هێرۆ عەتار لە کۆبوونەوەی پەرلەمانە دیزاینکراوەکەدا، بڕیارماندا بە دەرکردنی ناوبراو لە ریزەکانی کۆمەڵی داگەری".
عەبدولستار مەجید روونیکردەوە، "لە دۆخێکدا ئەو کەسە وەک ئەندامی کۆمەڵی دادگەری قبووڵ دەکەینەوە، ئەگەر لە ئەندامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەشیمان ببێتەوە".
دوێنێ سێشەممە، هێرۆ عەتار، ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "راستە من پابەندی بڕیاری کۆمەڵی دادگەری نەبووم و بوومە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام من هەر ئەندامی کۆمەڵم و پابەند نەبوونەکەم بۆ کارێکی خراپ و نەشیاو نەبووە، چووم بەرگری لە مافی خەڵک بکەم".
هێرۆ عەتار ئاماژەی بەوەشدا، "نە خۆم فرۆشتووە، نە بۆ پارە و پۆست چوومەتە پەرلەمان".
عەبدولستار مەجید بە دیاریکراوی گوتی، ئەگەر هێرۆ عەتار "پاشگەز نەبێتەوە لە ئەندامبوونی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ هەزار جاریش بڵێ 'من ئەندامی کۆمەڵی دادگەریم'، لای ئێمە دەرکراوە و ئەندام نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ