رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی سەرکەوتن و هەڵکشانی پێگەکەی لەنێو دامەزراوە پێشەنگەکانی جیهان، وەک رێزلێنان و دانپێدانانێک بە کارەکانی، تۆڕی میدیایی رووداو سێ خەڵاتی دیکەی جیهانی وەرگرت.
ئەمڕۆ هەینی، لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، بە ئامادەبوونی سەدان بەشداربوو و کێبڕکێکار، دامەزراوەی ستیڤیی ئەمریکی دوو خەڵاتی زێرین و یەکێکی برۆنزی بە تۆڕی میدیایی رووداو دا.
لە بەرامبەر سەرکەوتنی ریکۆردشکێنی پۆرتاڵ و پێگەکانی رووداو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵاتی زێڕین بە بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ درا.
دووەم خەڵاتی زێڕین بۆ بەڵگەفیلمی "ساڵێک شەڕ" بوو کە لەلایەن دڵنیا رەحمان، پەیامنێر و ئەحمەد عومەر، وێنەگری رووداو لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا بەرهەمهێندراوە.
پڕۆژەیەکی هاوبەشی رووداو و ئاژانسی دانیشتووانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) بۆ راهێنان و پێگەیاندنی دەیان خانمە رۆژنامەڤان، خەڵاتی بڕۆنزی پێ درا.
12 هەزار بەربژێر کە پێکدێن لە کار و بەرهەمی دامەزراوە هەرە درەوشاوە نێودەوڵەتییەکان، کێبڕکێیان لەسەر خەڵاتەکانی ستیڤی کرد.
سێ هەزار و 600 پسپۆڕی بوارە جیاجیاکانی سەرانسەری جیهان هەڵسەنگاندنیان بۆ کارەکان کرد.
"فراوانکردنی مەودای ئاسۆی دیجیتاڵی"
بڕوا کیانی لەسەر سەکۆی خەڵاتەکانی ستیڤی بە ئامادەبووانی بۆنەکەی راگەیاند، "ئەم خەڵاتە زێڕینەی ستیڤی تەنیا گەواهیدەری کارەکەم نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی هەوڵ، داهێنان و کاری ماندوونەناسانەی تیمەکەمە لە تۆڕی میدیایی رووداو."
بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ بە روانگە و شێوازی سەرکردایەتیی خۆی بۆ بەشی دیجیتاڵی رووداو توانیویەتی سەرنجی لیژنەکە رابکێشێت کە لەدوای دەستبەکاربوونی لەو پۆستەدا، پێگەکانی رووداو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەربەستی ملیۆنییان بڕی و لەڕووی بینەر و وەرگرەوە ئاستی ملیارییان تۆمار کرد.
لیژنەی دادوەریی خەڵاتی ستیڤی هۆکاری دەستنیشانکردنی بڕوا کیانی بە براوەی خەڵاتی زێڕین گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە "روانینە ستراتیژییەکەی و سەرکردایەتیکردنەکەی گوڕێکی بەهێزی داوەتە رۆڵی رووداو لە جیهانی دیجیتاڵیدا." گوتیشی، "بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ وایکردووە بینینی پۆستەکانی رووداو لە 70 تاوەکو 80 هەزار کەسەوە بگاتە 500 هەزار تاوەکو 600 هەزار و لە فەیسبووکیش وابکات رووداو یەک ملیار بینینی هەبێت."
بڕوا کیانی بە ئامادەبووانی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکەی گوت، "ئێمە پێکەوە" لەگەڵ تیمی تۆڕی میدیایی رووداو "مەودای ئاسۆی دیجیتاڵیمان فراوان کردووە." گوتیشی، "جێگەی دڵخۆشییە کە خۆم وەک نموونەیەکی گەنجی کورد دەبینم کە لە سەرکردایەتیکردنی بوارە جیاجیاکاندا لەسەر ئاستی جیهان شوێن پەنجەیان جێهێشتووە."
"ساڵێک شەڕ"
هاوکات دڵنیا رەحمان لە بارەی خەڵاتکردنی بەڵگەفیلمە 23 خولەکییەکەی رووداو بە ئامادەبووانی رێوڕەسمەکەی گوت، "وەک رۆژنامەڤانێکی کورد، بە وەرگرتنی خەڵاتی ستیڤی زۆر سەربەرزم."
لیژنەکە لە ئابی ئەم ساڵ، کاتێک ناوی براوەکانی راگەیاند، لە پەسنی بەڵگەفیلمەکەدا گوتی، "ئەم کارە بە عەشقەوە کراوە. دەزانین وێنەگرتن و مۆنتاژکردنی چەند قورس بووە. بەڵگەفیلمێکی زۆر باشە و پێویستە هەموو کەسێک بیبینێ."
مۆنتاژی بەڵگەفیلمەکە لەلایەن بڕوا عومەرەوە کراوە.
بەڵگە فیلمەکە لە گەرمەی شەڕی سەخت و خوێناویی ئۆکراینا و رووسیا لە شاری باخمووت تۆمارکراوە و باس لە ژیانی خەڵکی ئۆکراینی دەکات کە جەنگ چ ماڵوێرانییەکی بۆ هێناون.
دڵنیا رەحمان لە ئیستەنبووڵ گوتی، "گەیاندنی دەنگی خەڵک بە چین و توێژە جیاجیاکانیانەوە، منی گەیاند بەم خەڵاتە. من و رووداو لەسەر رێبازی هاوکاری کۆچکردوومان، شیفا گەردی بەردەوام دەبین کە لە کاتی رووماڵکردنی جەنگ لە عێراق گیانی لەدەستدا."
بڕۆنز بۆ پێگەیاندنی خانمە رۆژنامەڤانان
لەیلا بەکر، بەڕێوەبەری هەرێمیی UNFPA لە رێوڕەسمەکەدا لەگەڵ تیمی رووداو ئامادە بوو.
لەبارەی بردنەوەی ئەو خەڵاتە بە هاوبەشی لەلایەن رووداو و ئاژانسەکەیانەوە، لەیلا بەکر بە ئامادەبووانی رێوڕەسمەکەی گوت، "بە نوێنەرایەتیی ئاژانسی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆر دڵخۆشم بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتەی ستیڤی بە هاوبەشی لەگەڵ هاوکارە ئازیزەکانمان لە رووداو"؛ گوتیشی،"ئەم خەڵاتە ئاسوودەییەکی گەورەیە نەوەک تەنیا بۆ UNFPA، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کچ و ژنانەی سەرانسەری جیهان کە رووبەڕووی تووندوتیژی رەگەزیی دەبنەوە" و هیواشی خواست خەڵاتەکە ببێتە "نموونەیەکی باش بۆ وڵاتانی دیکەش."
لیژنەکەی ستیڤی لە بارەی پرۆگرامەکەوە رایگەیاندبوو، "هەنگاوێکی یەکجار گەورەیە، لەبەرئەوەی یەکەمین پڕۆژەی هاوبەشی لەو جۆرەیە لەنێوان میدیایەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نەتەوە یەکگرتووەکان."
لیژنەکە پێیوای، "لە کاتێکدا زۆر میدیای دیکە خەریکی بەرهەمهێنانی نێوەڕۆکن لە بواری یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، رووداو خەریکی ئاڵنگارییەکی یەکجار گەورەیە بۆ نەهێشتنی ئەو نایەکسانییە لەنێو هێزی کاری میدیاییدا. ئەم پێداگیرییە بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی کۆمەڵگە نیشانەی گۆڕانکارییەکی مەزنی رووداوە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی."
خەڵاتی ستیڤی، خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی سەنگین و بەناوبانگە. پێشتر لەلایەن CNN و NBC و BLOOMBERG و جەزیرە وەرگیراوە.
ئەمە یەکەم جار نییە رووداو خەڵاتەکە دەباتەوە. پار تۆڕی میدیایی رووداو وەک "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، خەڵاتی ستیڤیی زێڕینی وەک "کۆمپانیای ساڵ"ـی بەدەستهێنا.
بە بۆنەی بەدستهێنانی سێ خەڵاتە نوێیەکە، بێستوون نووری، بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و بینەرانی رووداو دەکات و دەڵێت، "رووداو بەردەوام گەشە دەکات و ئاستی کارەکانی بەرزتر دەکاتەوە. هەنگاوی زۆر گەورەترمان دەبێت بۆ زیاتر کاریگەربوون و پێشکەوتنی زیاتر لەسەر ئاستی جیهان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ