رووداو دیجیتاڵ
لە پەرستگەی لالش لە شێخان، رێوڕەسمی قەپاخ بەڕێوەچوو کە بەشێکە لە رێوڕەسمەکانی جەژنی جەما، لە رێوڕەسمەکەدا گایەک پێشکێشی خواوەندی رۆژ دەکرێت.
ئەو گایەی دەکرێتە قوربانی بەنێو (سووکا مەعریفەتێ)ـدا دەبرێتە مەزاری شێشمێس، رێوڕەسمەکەش تایبەتە بە هەرسێ هۆزی قائیدی، مامۆس و ترک کە لە سەردەمی شێخادی، لالشیان لە هێرشێک پاراستووە.
قادر خەلیل ئاغا، سەرۆکھۆزی قائیدییە، دەڵێ "لە سەردەمی شێخادی، کاتێک هێرش دەکرایە سەر لالش، شێخادی خوا لێی رازیبێت بانگی ئێزدیەکان کرد، بێن بەرگری بکەن، قائیدی پێش هەموویان هاتن و گوتیان ئێمە قائیدین، پێش هەمووان گەیشتن و بەرگرییان لە لاش کرد."
لە رێورەسمەکەدا هەمووان هەوڵدەدەن مووی گاکە بەدەستبهێنن، بۆیە هەندێکجار ململانێ و پاڵپێوەنان دروستدەبێت بۆ گەیشتن بەو پیرۆزییە. گایەکە لە مەزاری شێشمێسدا دەکرێتە قوربانی و بەهەمان شێوە، شانازی و پیرۆزییە لای کوردانی ئێزدی کە خوێنی گاکە بەدەستبهێنن.
حەسەن خشمان، بەشداربووی رێورەسمەکانە، گوتی رۆژی شەشەمی جەژنی جەما، پێی دەگوترێت رۆژی قەپاخ، کە سێ هۆز بەشداریی تێدا دەکەن؛ قائیدی، ترک و ماموس، بەو رۆژە دەگوترێت رۆژی گا کە لەلای جڤاتی رووحانییەوە پێشکێش دەکرێت.
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا، (پەری) کە پەرۆیەکی پیرۆزە بەسەر سەری کەسایەتی ھەر سێ ھۆزەکان دەدەنرێت، پاشان دەچنە چیای عەرەفات، دواتر لەبەر دەرگای شێخادی شایی پیرۆز دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ