رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە دارستانەکانی سنووری شارۆچكەی کەبان لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان کەوتووەتەوە. ئاگری دارستانەکانی سنووری شارۆچکەی کوردئۆخۆلی پارێزگای مەرەشیش لە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەوە کوژێندرایەوە.
درەنگانی شەوی رابردوو ئاگر لە دارستانی گوندی ئاکچاتەپە لە نزیک رووباری فورات لە سنووری شارۆچکەی کەبان لە پارێزگای خارپێت کەوتەوە.
بەهۆی کاریگەی باوە ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و رووبەرێکی فراوانی گرتووەتەوە.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوەبردنی دارستان، بەرگریی شارستانی و تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی جەندرمە رەوانەی ناوچەکە کران.
بەڵام بەهۆی نەبوونی رێگەی ئۆتۆمبێلەوە لە ناوچە شاخاوییەکاندا کوژاندنەوەی ئاگرەکە ئاسان نییە.
ئەو ئاگرەش لە دارستانی گوندی حەسەن ئاغا لە سنووری شارۆچکەی کوردئۆخۆلی لە پارێزگای مەڕەش کەوتبووەوە لە لایەن تیمەکانەوە کوژێندرایەوە.
دوای ئاگادارکردنەوی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوەبردنی دارستان و بەرگریی شارستانی رەوانەی ناوچەکە کران و دوای نزیکەی دوو کاژێر کۆنترۆڵکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ