رێباز حەملان: لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ نزیکەی 73 ملیۆن بەرمیل نەوتمان فرۆشتووە

11-07-2022
ئەحمەد حەمید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ دوو جار نەختینەی بانکەکانی سلێمانی کەمیکردووە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارەی نەوت خستوویەتییە سەر نەختینەی مانگانە و کێشەکەی چارەسەر کردووە.
 
لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، پرسی هێرشکردنە سەر ماڵی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی، هەوڵەکانی حکومەت بۆ رێکخستنەوەی داهات و دابەشکردنی مووچە و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان باسکرا.
 
تەقە لە ماڵی حاجی مەسیفی کرا
 
لە هەولێر تەقە لە ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کرا و بە هۆیەوە پاسەوانێکی برینداربوو. 
 
حاجی مەسیفی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و باسی لەوە کرد کاژێر 2:15 خولەکی نیوەشەوی رابردوو، ماڵەکەی دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و بەهۆیەوە پاسەوانێکی بریندار بووە، بەڵام ئێستا تەندروستیی جێگیرە.
 
بەگوتەی حاجی مەسیفی؛ ژووری خەوتنەکەی خۆی و شوێنی مانەوەی پاسەوانەکانی کراونەتە ئامانج و ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر لە چۆنێتیی رووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە.
 
ماڵی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی لە گەڕەکی هەولێری نوێیە و بەگوتەی خۆی؛ هەموو بەڵگەکانی رووداوەکە رادەستی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس کراون و ئێستا دۆسیەکە لە دادگەی هەولێرە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەکو بەرپرسی یەکەمی دۆسیەی ئاسایشی ھەولێر، ھێزە ئەمنییەکانم راسپاردووە بە زووترین کات تەقەکەرەکە بدۆزنەوە؛ دۆسیەکە ئێستا لەبەردەستی دادوەرە؛ ھێزەکان کۆڵنادەن تاوەکو سەرەداوێک دەستنەخەن و تەقەکەر دەدۆزنەوە."
 
رێباز حەملان: لە شەش مانگدا 73 ملیۆن بەرمیل نەوتمان فرۆشتووە
 
سێ ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕی، کە لە 10/07/2019 متمانەی لە پەرلەمان وەرگرت.
 
چارەسەرکردنی گرفتی مووچە بەشێک بووە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ مووچەی تەواو دابینکراوە، کە خەرجی مانگانەی مووچە 900 ملیار دینارە.
 
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12:00 ئاماژەی بەوەکرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش 95٪ بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بە تەواوەتی پشتیان بە داهاتی خۆیان بەستووە لە فرۆشتنی نەوت، بەو داهاتەی لەبەر دەست بووە توانراوە لەو 6 مانگەدا مووچە بە تەواوەتی دابەش بکرێت.
 
رێباز حەملان گوتی: "لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 73 ملیۆن بەرمیل نەوتمان فرۆشتووە". سەبارەت بە نرخەکەی، گوتی: "هەر مانگێک بە نرخێک بووە، بەڵام تێکڕا بەرمیلێک بە نزیکەی 95 دۆلار فرۆشراوە. عێراق بە 3 دۆلار لە نرخی برێنت کەمتر دەیفرۆشێت، ئێمەش لە خوار حکومەتی عێراقەوە فرۆشتوومانە."
 
بەگوتەی رێباز حەملان داهاتی ئەو 73 ملیۆن بەرمیل نەوتە نزیکەی 6 ملیار و 935 ملیۆن دۆلار بووە، 3 ملیار و 191 ملیۆن دۆلاری بۆ مووچە بووە.
 
لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە رێباز حەملان، گوتی: "گرێبەستەکان هەمووی گرێبەستی نێودەوڵەتین، مەسەلەیەک نییە پابەندبن بە بەڵێنەکان یان نا. هەر کاتێک کێشەیەک دروست ببێت ئەوان بەرپرس دەبن یاخود ئێمە دەبێت پابەندبین بەو گرێبەستانە، چونکە گرێبەستی نێودەوڵەتین و حکومەتی عێراقیش ئەوە باش دەزانێت و هیچ کۆمپانیایەک نەکشاوەتەوە. من خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە بە هەوڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها جێگری سەرۆکوەزیران و هەموو ئەو سەرکردە سیاسییانەی هەست بە بەرپرسیاریێتی دەکەن لە ئاستی هەرێمی کوردستان، ئێمە لەو دۆخە بە پشتیوانی خودا دەرباز دەبین".
 
لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە بە پاساوی نەبوونی یاسای بودجەوە، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە. سەبارەت بەو پرسە، رێباز حەملان گوتی: "لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە، بەڕێز سەرۆکی دیوان لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران خەریکی ئەو بابەتەیە، پێموایە لە زووترین کاتدا پلە بەرزکردنەوە دەستپێدەکاتەوە."
 
کتێبێک لەبارەی جینۆسایدی کورد
 
دایڤد ئالتۆن، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی بەریتانیا و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی بەریتانیا کتێبێکی نوێی بڵاوکردەوە بە ناوی "وەڵامەکانی دەوڵەت بۆ تاوانەکانی جینۆساید"ـە. لە بەشێکی کتێبەکەیدا باس لەو جینۆسایدە دەکات کە داعش دژ بە کوردی ئێزدی کردی، ئاماژە بەوەشدەکات؛ کورد رووبەڕووی جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جەنگ بوونەتەوە و هێشتاش ئەوە بەردەوامە.
 
دایڤد ئالتۆن پێشتر لە 6-2-1991 لە پەرلەمانی بەریتانیا داواکارییەکی پێشکێشکردووە، تێیدا داوای کردووە نەهامەتییەکانی کورد لە عێراق گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
 
دایڤد دەڵێت: ئێمە پەسنی هەرێمی کوردستان دەکەین بەوەی کە باوەشی خۆی بۆ کەمینەکان کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئازادیی ئایین بپارێزێت و رێگە لە جیاکاری لەسەر بنەمای ئایین بگرێت.
 
دایڤد ئالتۆن گوتیشی، فرەچەشنەیی ئایینی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا بەدیدەکرێت. بەجۆرێک نوێنەرانی کەمینەکانی  ئێزدییەکان، تورکمانەکان، کریستییانەکان و ئەرمەنەکان لە پەرلەمان بوونیان هەیە. ئەمەش گرنگیی رێزگرتن لە جیاوازییەکان دەردەخات.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەریتانیای کرد و بەشداریی کۆنفرانسی پاراستنی بەها ئایینییەکانی کرد کە 600 کەس لە ئاستی وەزیری وڵاتان و کەسایەتیی ئایینی بەشدارییان تێدا کردبوو.
 
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە بوولتەنی کاژێر 12:00دا گوتی: نموونەیەکی جوانی ئازادیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان هەیە و پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نموونەییە.
 
ئانۆ جەوهەر گوتیشی، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرقەراربوونی ئازادی لە کوردستان.
 
راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت
 
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەبارەی پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە کاتی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی گوتی، بەشێکی کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت گرێبەستیان لەگەڵ عێراقدا هەیە، بەڵام پابەندبوون بە بڕیارەکانی وەزارەتەوە و ئینتەرنێتیان راگرت.
 
ئانۆ جەوهەر گوتیشی: "ئەو ئامێرانەی لە قوتابخانەکان دادەنرێت تەنیا توانای راگرتنی وایفایان هەیە و ناتوانن بلوتوز رابگرن، هەوڵمانداوە ئامێرێک بۆ قوتابخانەکان دابین بکەین توانای هەبێت وایفای و بلوتوز پێکەوە لەکار بخات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کلاشینکۆفانەی دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە کرماشان دەست بەسەر 84 کلاشینکۆف و دەمانچەدا گیرا

حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتی و شۆڕشی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا لە گەرەکێکی شاری کرماشان تۆڕێکی مامەڵەکردن بە چەک هەڵوەشێنرا و چوار کەس لە ئەندامانی تۆڕەکە دەستگیرکران.