رووداو دیجیتاڵ
دانیشتنێکی دیکەی دادگە لە دۆسیەی تیرۆرکردنی تاهیر ئەلچی پارێزەری کورد و سەرۆکی پێشووی بارۆی ئامەد بەڕێوەدەچێت چاوەڕوان دەکرێت دادگە بڕیار لەبارەی دۆسیەکەوە بدات.
دانیشتنەکە کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی چوارشەممە 12ـی حوزیران لە 10یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستپێدەکات.
لە چوارچێوەی دۆسیەکەدا چوار کەس دادگایی دەکرێن کە سێیان پۆلیسن. ئوغور یاکشر تائێستا دەستگیر نەکراوە، لەگەڵ سێ پۆلیس بە ناوەکانی سینان تابور و فوئاد تان و مەسعود سەڤگی.
هەرچەندە نۆ ساڵ بەسەر کوشتنیدا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی دۆسیەی تاهیر ئەلچی نەدراوە.
داواکاری گشتی داوای زیندانی هەتاهەتایی بۆ ئوغور یاکشر کردووە. لە دانیشتنی رابردوودا داواکاری گشتیی دۆسیەی تاهیر ئەلچی گوتەی خۆی پێشکەش بە دادگە کرد و داوای بێتاوانی ئەو سێ پۆلیسە گومانلێکراوەی کرد.
بارۆی ئامەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "بۆ ئەوەی کوشتنی پارێزەر تاهیر ئەلچی بێ سزا نەمێنێت داوای بەشداریکردن و هاوکاری دەکەین بۆ دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 12ـی حوزەیران لە کاژێر 10:00 لە دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد".
تاهیر ئەلچی، سەرۆكی پێشووی بارۆی ئامەد لە 28-11-2015 کاتێک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا داوای ئاشتی و راگرتنی شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیای دەکرد، تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا.
لە 23ی حوزەیرانی 2017دا راپۆرتی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە ئامادەکرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کوژرانی ئەلچی دا و لە نیسانی ساڵی 2022دا راپۆرتەکە خرایە نێو دۆسیەکەی.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کوشتنی تاهیر ئەلچی پێشتر پلانی بۆ دانەڕێژرابوو. محەممەد ئەمین ئاکتار، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە هەن کە تاهیر ئەلچی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی تاهیر ئەلچی دوای تێپەربوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر کوژرانیدا رۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2020 لە 10یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ