کوردستان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
رووداو- ئەنقەرە
شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ جێگری سەرۆکی میت کۆدەبێتەوە و قوباد تاڵەبانیش دەچێتە تورکیا و لەگەڵ سەرۆکی میت کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی دووشەممە، 10-4-2023، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چووەتە بەغدا و لەگەڵ موتلو توکا، جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا- میت کۆبووەتەوە و تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بووە بۆ ئەو فڕۆکانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەفڕن و دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکەی جیهان و هەروەها ئەو فڕۆکانەی لە فڕۆکەخانەکانی جیهانەوە دەچنە فڕۆکەخانەی سلێمانی.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ سێشەممە، 11-4-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چووەتە تورکیا و لەگەڵ هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا- میت کۆبووەتەوە و هەر ئەمڕۆش گەڕاوەتەوە.
هاکان فیدان نیگەرانیی حکومەتی وڵاتەکەی لە "پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و پەکەکە" دەربڕیووە و رایگەیاندووە، ئەگەر بەرپرسانی یەکێتی دەیانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و سلێمانی ئاسایی بێت، دەبێت "ئەو پەیوەندییانە کۆتایی پێ بهێنن".
لە 3ـی ئەم مانگەوە کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگرتوون و حکومەتی تورکیاش ئاسمانی وڵاتەکەی بەسەر هەر فڕۆکەیەکدا داخستووە کە بۆ سلێمانی بچێت یان بە پێچەوانەوە، ئەوەش بە پاساوی زۆربوونی جموجووڵی پەکەکە لە سلێمانی.
رۆژی 7-4-2023ش بە درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و بە گوتەی بەرپرسانی عێراق، تورکیا ئەنجامدەری هێرشەکە بووە. لە کاتی هێرشەکەیشدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لە فڕۆکەخانە بوو و دەگەڕایەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
رۆژی هێرشەکە فلیپ ڤێنتوا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا-پێنتاگۆن سەبارەت ئەو هێرشە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوەی کراوە هێرشی ئاسمانی بووە و لەنێو کاروانەکەیشدا سەربازیی ئەمریکی هەبوون. هەر هەمان رۆژ جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا- سێنتکۆم گوتی "سێ ئەمریکی لەنێو ئەو کاروانەدا بوون کە لە سلێمانی کراونەتە ئامانج و کەسیش بریندار نەبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ